لە گەرمیان چوار قوتابی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی وەرگەڕانی مینی پاسەکەیان، لانیکەم چوار قوتابی لە گەرمیان گیانیان لەدەستدا و حەوتی دیکەش بریندارن. 
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر مینی پاسێک کە ژمارەیەک قوتابی تێدا بووە لەنزیک گوندی حەسیرە لەسەر رێگەی قەزای کەلار-کفری وەرگەڕاوە."
 
سەبارەت بە ژمارەی قوربانیان، موقەدەم سامان عەلی گوتی: "چوار قوتابی گیانیان لەدەستداوە و حەوت قوتابیش بریندارن."
 
قوتابییەکان قوتابیی ئامادەیی باکوورن لە کەلار، بۆ گەشتی زانستی چوونەتە کفری، لە رێگەی گەڕانەوە پاسەکەیان وەرگەڕاوە.

 

 
سامان عەلی گوتی: "قوتابییەکان هەموویان کچن. شۆفێرەکە دەڵێت، ئۆتۆمبێلێک لە نزیک گوندی حەسیرە، لە نێوان کەلار و کفری دەستی شکاندووە بەسەر ماندا و کۆنترۆڵمان لەدەستداوە و مینی پاسەکە وەرەگەڕاوە."
 
گوتەبێژەکە دەشڵێت، لە حەوت بریندارەکە یەکێکیان مامۆستایە و ئەوەی دیکەش شۆفێرە، "دۆخی بریندارەکان باشە." 
 
د. سیروان محەممەد جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان بۆ رووداوی پشتڕاست کردەوە و گوتی کە ریندارەکان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
 
لای خۆیەوە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئامادەی هەموو هاوکارییەکین بۆ چارەسەرکردنی برینداران."