قایمقامی دێلوڕان: تائێستا بەرهەمی گەنممان 168 هەزار تۆن بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی دێلوڕانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە 168 هەزار تۆن گەنم لەلایەن سایلۆکان و ناوەندە حکومییەکانی تایبەت بە کڕینی گەنم وەرگیراوە و 70%ی پارەی گەنمی جووتیاران خەرجکراوەتەوە.
 
لەتیف سادقی، قایمقامی قەزای دێلوڕان رایگەیاند، ئەم ساڵ رووبەری 67 هەزار هێکتار زەویی سنووری ئەو قەزایە بە گەنم داچێندراوە، لە سەرەتای وەرزی دروێنەی ئەم ساڵیشەوە تائێستا زیاتر لە 168 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
لەتیف سادقی گوتی، بەپێی دوایین زانیارییەکان، تائێستا بڕی یەک تریلیۆن و 100 ملیار تمەن (زیاتر لە 18.5 ملیۆن دۆلار) لە پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکومەتەوە خەرجکراوە، کە دەکاتە 70%ی پارەی جووتیاران و 30%ی پارەکەش ماوە کە لە ماوەی داهاتوودا ئەویش خەرج دەکرێت.
 
گوتیشی، کاری دروێنەی گەنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی دێلوڕان بە 200 دەڕاسەوە بەردەوامە و بەپێی خەمڵاندنەکانیان، تائێستا زیاتر لە 80%ی رووبەری ئەو زەوییانەی بە گەنم چێندراون، دروێنەی تێدا کراوە.
 
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە، بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 17 هەزار و 500 تمەن و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 18 هەزار تمەن لە جووتیاران بکڕێت.
 
ئەم ساڵ لە پارێزگای ئیلام لە رووبەری زیاتر لە 150 هەزار هێکتار گەنم چێنراوە کە 58 هەزار هێکتار زەویی بەرئاو و زیاتر لە 92 هەزار هێکتار زەویی دێمە.
 
رۆژی هەینی، 3ی ئایاری 2024، ئەسغەر باباخانی، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی وەرزی دروێنەی ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لەو پارێزگایە بگاتە زیاتر لە 400 هەزار تۆن، لەو بڕەش 350 هەزار تۆن لە لایەن حکومەتەوە وەردەگیرێت.
 
پار لەو پارێزگایە لە رووبەری زیاتر لە 134 هەزار هێکتار گەنم چێنرابوو کە 57 هەزار هێکتار زەویی بەرئاو و زیاتر لە 77 هەزار هێکتار زەویی دێمی بوو و بۆ یەکەمجار بەرهەمهێنانی گەنم لەو پارێزگایە گەیشتە 390 هەزار تۆن.