رووداو دیجیتاڵ
وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا بەناوی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە پیرۆزبایی له رووداو دەکات و بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی بە هەنگاوێکی گەورە لە کاری میدیای کوردی وەسف دەکات.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی، هەنگاوێکی مەزنە لە کاروانی کاری راگەیاندن و رۆژنامەنووسیی کوردیدا. دەرخەری بەرزیی ئاستی کار و پابەندبوونە پیشەییەکانتان و کاریگەریی بەرهەمی کۆششەکانتانە لەپێناو گەیاندنی راستییەکان، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دەزگا، ناوەند و کەناڵی جیهانی لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بوون."
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو، بووە براوەی خەڵاتی وێبی، لە کاتێکدا لەنێو براوەی خەڵاتەکان لە ساڵانی پێشوو هەریەکە لە کۆمپانیای گووگڵ، ناسا، نیویۆرک تایمز، بی بی سی، ئەپڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیکتۆک، نێتفلیکس، سناپچات و چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەی پێشەنگی جیهانی هەن. ئەمساڵیش رووداو رکابەریی سی ئێن ئێن و بلۆمبێرگی دەکرد و سەرکەوتوو بوو.
شەوی رابردوو 13-05-2024 بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو، خەڵاتی وێبیی پێ بەخشرا و بووە جێی سەرنجی زۆربەی میدیا، حیزب و لایەنە سییاسییەکان، کەسایەتیی حیزبی و حکومیی عێراق و هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئەو خەڵاتە جیهانییەیان لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە.
خەڵاتی وێبی یەکێکە لە بەنێوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان، رووداو دەبێتە یەکەمین دەزگای میدیایی لە کوردستان و عێراق ئەو خەڵاتە وەربگرێت، هەروەها دەبێتە دووەمین دەزگای میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بەدرێژایی 28 ساڵی تەمەنی رێکخراوی وێبی ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
کلەیر گرەیڤسی، سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی رایگەیاند، ئەم ساڵ 13 هەزار ئەکتەر، فیلم و بەڵگەفیلم لە 70 وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیاندا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی وێبی لە بوارە جۆراو جۆرەکان دا و، رووداو یەکێک لەو خەڵاتانەی بردەوە.
ئەم سەرکەوتنە بە توانا و داهێنەری تیمی بەرهەمهێنی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای و، دەنگ و پشتیوانی بینەرانی رووداو بەدیهات. لەبەرئەوە بەر لە هەمووان ئەم سەرکەوتنە لەگەڵ بینەر و خوێنەر و بیسەرانی رووداو دا بەش دەکەین، کە بە پشتیوانی بەردەوامیان وادەکەن رووداو بەردەوامبێت لە سەرکەوتن.
خەڵاتەکانی وێبی پێوەرێکن بۆ دیاریکردنی لەپێشترینەکان لە ئینتەرنێت دا و، باشترینەکانی بواری چیرۆکگێڕانەوە و میدیای دیجیتاڵی. بردنەوەی ئەم خەڵاتە جیهانییە، بەڵگەیەکی جیهانی دیکەیە لەسەر بەتوانایی رووداو و بەرزی کوالێتی بەرهەمەکانی و توانای ناوازەی تیمە بەرهەمهێنەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنان و گێڕانەوەی سەرنجڕاکێش و نیشاندانی کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها جارێکی دیکە درەوشاوەیی رۆڵی رووداو دەسەلمێنێتەوە لە گۆڕەپانی میدیای جیهانی دا.
تۆڕی میدیایی رووداو کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی رکابەری کردن لەگەڵ دەزگا میدیاییەکانی جیهان دا، بەهێزێکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت لە رەوتی پێشکەوتن و بەرهەمهێنانی گەورەتردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ