کەسایەتی و دەزگاکانی میدیای عێراق و هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی وێبی لە رووداو دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو، خەڵاتی وێبیی پێ بەخشرا و بووە جێی سەرنجی زۆربەی میدیا، حیزب و لایەنە سییاسییەکان، کەسایەتیی حیزبی و حکومیی عێراق و هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئەو خەڵاتە جیهانییەیان لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
 
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو، بووە براوەی خەڵاتی وێبی، لە کاتێکدا لەنێو براوەی خەڵاتەکان لە ساڵانی پێشوو هەریەکە لە کۆمپانیای گووگڵ، ناسا، نیویۆرک تایمز، بی بی سی، ئەپڵ، فەیسبووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیکتۆک، نێتفلیکس، سناپچات و چەندین کۆمپانیا و دامەزراوەی دیکەی پێشەنگی جیهانی هەن. ئەمساڵیش رووداو رکابەریی سی ئێن ئێن و بلۆمبێرگی دەکرد و سەرکەوتوو بوو.
 
"متمانەبەخۆبوون رووداوی گەیاندووەتە ئەم ئاستە"
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە رووداو کرد و رایگەیاند، "بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی، پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم."
 
لە پەیامەکەیدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جێی رێزە رووداو بەوپەڕی متمانە بەخۆبوون و بە خۆ نوێکردنەوە و سوودوەرگرتنی لە ستافی شارەزا و بەئەزموون، ئێستا لەو ئاستە بەرزەیە."
 
سەفین دزەیی: ئەم خەڵاتە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ رووداو و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو، ستافەکانی و بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی وێبیی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک.
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم خەڵاتە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ رووداو و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن لە کوردستان. هیوادارم ببێتە هەنگاوێک بۆ سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەمووان لە داهاتوودا."
 
خەڵاتی وێبی "هەنگاوێکی گەورەیە لە کاری میدیای کوردی"
 
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا بەناوی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە پیرۆزبایی له‌ رووداو دەکات و بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی بە هەنگاوێکی گەورە لە کاری میدیای کوردی وەسف دەکات.
 
وەزیری وەرزش و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی، هەنگاوێکی مەزنە لە کاروانی کاری راگەیاندن و رۆژنامەنووسیی کوردیدا. دەرخەری بەرزیی ئاستی کار و پابەندبوونە پیشەییەکانتان و کاریگەریی بەرهەمی کۆششەکانتانە لەپێناو گەیاندنی راستییەکان، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دەزگا، ناوەند و کەناڵی جیهانی لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە بوون."
 
دامەزراوەی میدیایی هاووڵاتی، لە پەیامێکدا بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی بە دەستکەوتێک بۆ خۆیان دەزانن و تاریق فاتیح، خاوەن ئیمتیازی دامەزراوەکە دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتەکە بۆ ئێمە، وەکو تیمی رۆژنامەڤانیی هاووڵاتی جێی دڵخۆشی و شانازییە. هیوادارین وەکو چۆن ئەمە یەکەم خەڵاتی جیهانی نییە بەدەستی بهێنن، دواهەمین خەڵاتیش نەبێت."
 
رووداو وەکو پردی پەیوەندی "میدیای کوردستان و میدیا جیهانییەکان"
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی کرد و رایگەیاند، "تۆڕی میدیایی رووداو سەرکەوتووانە بە کۆششی بەردەوامیان توانیان خەڵاتی نێودەوڵەتیی وێبی بەدەستبهێنن."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر هیوای بەردەوامیی بۆ رووداو دەخوازێت لە گەیاندنی "زانیاریی و پەیامی راست و بێلایەنانە بە هەموو جیهان و، پتەوکردنی پردی پەیوەندیی میدیای کوردی لەگەڵ ناوەندە میدیاییە جیهانییەکان."
 
هاوکات، زیرەک کەمال، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و ستافەکەی کرد و بردنەوەی خەڵاتی وێبی بە هێمای سەرکەوتن بۆ رووداو و سەرجەم بزاڤی میدیایی لە هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
 
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدەی رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە.
 
دامەزراوەی میدیایی زەمەن: هه‌نگاوێكی مه‌زنه‌ له‌ راسته‌ڕێی كاروانی كاری رۆژنامه‌وانیی كوردی
 
بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی، دامەزراوەی میدیایی زەمەن پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و دەڵێت، "به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی وێبی، هه‌نگاوێكی مه‌زنه‌ له‌ راسته‌ڕێی كاروانی كاری رۆژنامه‌وانیی كوردی و به‌ره‌نجامی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی رۆژنامه‌وانه‌كانتانه‌."
 
دامەزراوەکە خۆشحاڵیی دەربڕیوە لەوەی له‌نێوان سه‌دان میدیای جیهانی، بۆ یه‌كه‌مجار میدیایه‌كی كوردی توانیویەتی ئه‌و خه‌ڵاته‌ جیهانییه‌ وه‌ربگرێت. هەروەها رووداو بە شایانی ئەو خه‌ڵاته‌ گه‌وره‌ دەزانێت و دەڵێت، "له‌ رابردوودا تاوەکو ئاستێكی باش پڕۆفیشناڵانه‌ و نیشتمانییانه‌ خزمه‌تی كایه‌ی رۆژنامه‌وانی و پێدانی زانیاریی به‌ هاونیشتمانییان كردووه‌."
 
'رووداو دەمێکە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێپەڕاندووە'
 
سەروان ھەرکی، پەرلەمانتاری کوردستان لە خوولی پێنجەم لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا بۆ رووداو بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی، دەڵێت، "جارێکی تر سەلماندتان کەوا رووداو دەمێکە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێپەڕاندووە و ئێستا یەکێکە لە ژمارە گەورەکانی میدیا جیهانییەکان."
 
ئەو پەرلەمانتارەی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "شانازیتان پێوە دەکەین" و ئاماژەی بەوەش کردووە، "بڕینی سنوور و بەدەسهێنانی خەڵاتی گەورە، نیشانەی پیشەیی و دامەزراوەیی بوونی رووداوە، بۆیە چاوەڕوانی زیاتریان لێ دەکرێت."
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: رووداو توانیی سەرنجی جیهان بۆ کارێکی گەورەی میدیایی رابکێشێت
 
بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی وێبی؛ ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان بەناوی خۆی و ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکات.
 
نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، پیرۆزبایی لە هەریەکە لە رۆژ عەلی زاڵە، پێشکێشکار و بەیار حەکیم، کامێرامان و دەرهێنەر لە تیمی بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای دەکات، "کە توانییان سەرنجی جیهان بۆ کارێکی گەورەی میدیایی رابکێشن."
 
لە کۆتاییشدا ئازاد حەمەدەمین پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەران و میدیاکارانی رووداو کردووە.
 
کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق پیرۆزبایی لە رووداو دەکەن
 
وەرگرتنی خەڵاتی وێبی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو کاردانەوەی کەسایەتی و ناوەند و لایەنە سیاسی و میدیاییەکانی عێراقی لێکەوتەوە. د. محممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە رووداو کرد و رایگەیاند؛ "تۆڕی میدیایی رووداو لە رابردوو و ئێستاش جێگەی شانازی و سەربەرزییە، بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە پێشاندەری پێشکەوتنی پیشەیی و دەرخەری ئەو رێبازە دروستەیە کە گرتوویەتەبەر."
 
د. محممەد حەنوون پێیوایە، "رووداو دامەزراوەیەکی پیشەییە و توانیویەتی بە مەودایەکی کەم ئەو سەکۆ گەورەیە لە بواری رۆژنامەگەری و بەدواداچوون بۆ رووداوەکان بە ئاستێکی پیشەیی و بەرز، دروستبکات. هاوکات توانیویەتی رێز و متمانەی خەڵک بەدەستبهێنێت، لە سەردەمێکدا کە گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکان ئەستەمە."
 
خەڵاتی وێبی لە ساڵی 1996ـەوە دەدرێت و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکێش دەکرێت، ئەم ساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە.
 
حیزبی ئیسلامیی عێراقی: بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی مایەی شانازی و سەربەرزیمانە
 
مەکتەبی راگەیاندنی حیزبی ئیسلامیی عێراقی بردنەوەی خەڵاتی وێبی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو بە دەستکەوتێک دەزانێت کە "مایەی شانازی و سەربەرزییە" و لە پەیامێکدا رایدەگەیێنێت؛ "ئەو خەڵاتە سەلمێنەری پیشەییبوون و پێشکەوتنی تۆڕی میدیایی رووداوە لە کارەکانیان."
 
هاوکات، د. جاسم فەلاحی، بریکاری هونەریی وەزارەتی ژینگەی عێراق لە پەیامێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەیدا؛ "پیرۆزبایی لە رووداو و کارمەندە گەنجەکانی دەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنە گەورەیە".
 
بەڵگەفیلمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە (Travel and Lifestyle) لەنێو هەزاران بەڵگەفیلمێکی ئەمریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە بەڵگەفیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە.
 
حەلبووسی: هیوای درەوشانەوەی زیاتر بۆ کاروانی میدیایی رووداو دەخوازم
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم پیرۆزبایی بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی لە رووداو دەکات و دەڵێت، "پیرۆزبایی خەڵاتەکەی بەڵگەفیلمی (کۆرۆوای) لە رووداو دەکەم."
 
هەروەها لە پەیامی پیرۆزباییەکەدا حەلبووسی هیوای سەرکەوتن و درەوشانەوەی زیاتری بۆ کاروانی میدیایی رووداو خواستووە.
 
"رووداو هاوتەریبە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکەنەلۆجیا و میدیای دیجیتاڵی"
 
عەلی موئەیەد، سەرۆکی دەستەی میدیا و پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتەکە لە رووداو دەکات و دەڵێت: "ئەم خەڵاتە دەستکەوتێکە، هەموومان شانازی پێوەدەکەین، چونکە رووداو یەکەمین دامەزراوەی میدیایی عێراقییە و دووەم دامەزراوەیە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەدوای دامەزراوەی جەزیرە، ئەم خەڵاتە دەباتەوە". 
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی میدیا و پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، "بردنەوەی ئەم خەڵاتە، بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی رووداو بە پیشەییبوون لە کاری میدیایی و توانای هاوتەریببوونی لەگەڵ پێشکەوتنی تەکەنەلۆجیا و میدیای دیجیتاڵی."
 
هاوکات، د. سەمیعە غیلاب، جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی عێراق پیرۆزبایی لە رووداو دەکات و دەڵێت: "ئەم خەڵاتە سەرکەوتنێکی گەورەیە، بە تایبەت کە رکابەرەکانی رووداو کەناڵی بەناوبانگی جیهانی بوون."
 
د. سەمیعە غیلاب دەشڵێت، "ئەم خەڵاتە، نیشانەی کارکرنی ورد و پیشەییانەیە لە رووداو" و هیوای بەردەوامیی سەرکەوتن بۆ رووداو دەخوازێت.
 
ئەمین زارى: بردنەوەی خەڵاتی وێبی دەستکەوتێکی نیشتمانییە
 
لە پەیامێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمین زاڕى ، ئەمیندارى گشتیی پڕۆژەى نیشتیمانى عێراق، پیرۆزبایی لە کارمەندان و کارگێڕیى رووداو کرد بەبۆنەى بەدەستهێنانى خەڵاتى وێبی و گوتی: "پیرۆزباییتان لێدەکەین بە بەدەستهێنانى ئەو دەستکەوتە و لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کە بەشدارى کەناڵە عێراقییەکان لە رکابەرى کەناڵە بیانییەکان و بەدەستهێنانى ئەو خەڵاتەى کەناڵەکەتان دەستکەوتێکى نیشتمانییە و هەمووان شانازى پێوە دەکەین".
 
ناوەندی نەخیل: پیرۆزبایی بردنەوەی "ئۆسکاری ئینتەرنێت" لە رووداو دەکەین
 
ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادیی رۆژنامەگەری، لە پەیامێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەیداوە؛ "پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتی جیهانیی وێبی کە بە "ئۆسکاری ئینتەرنێت" دەناسرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە؛ "تۆڕی میدیایی رووداو یەکەمین کەناڵی عێراق و دووەمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە ئەم خەڵاتە بباتەوە. جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو کارمەندانی کەناڵەکە دەکەین و هیوای داهێنان و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین."
 
رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان: بردنەوەی خەڵاتەکە بەڵگەیەکی جیهانییە لەسەر بەتوانایی رووداو
 
رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان، پیرۆزبایی لە رووداو دەکات و دەڵێت: "جێگه‌ی شانازییه‌ كه‌  رووداو دەبێتە یەکەمین دەزگای میدیایی لە کوردستان و عێراق ئەو خەڵاتە وەربگرێت، هەروەها دەبێتە دووەمین دەزگای میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بەدرێژایی 28 ساڵی تەمەنی رێکخراوی وێبی ئەم خەڵاتە وەربگرێت."
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە " بردنەوەی ئەم خەڵاتە جیهانییە، بەڵگەیەکی جیهانی دیکەیە لەسەر بەتوانایی رووداو و بەرزی کوالێتی بەرهەمەکانی و رۆڵی رووداو دەسەلمێنێت لە گۆڕەپانی میدیای جیهانی دا."
 
دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی وێبی، رۆژی سێشەممە 14ـی ئاداری 2024، تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەدڵخۆشییەوە رایدەگەیێنین کە بەڵگەفیلمێکی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتی وێبی نێودەوڵەتی لە رکابەری دا لەگەڵ بەرهەمی چەند دەزگایەکی جیهانی دا بردەوە و لە خولی 28 ساڵەیدا و لە رێوڕەسمێکی زۆر گەورەدا لە شاری نیویۆرک، هاوکارمان رۆژ عەلی زاڵە بە نوێنەرایەتی رووداو خەڵاتەکەی وەرگرت."
 
لە راگەیێندراوەکەی تۆڕی میدیایی رووداو دا هاتووە؛ "شەوی رابردوو لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ رووداو دا، ئەم ساڵ لەسەر یەک ستەیج و لە یەک رێوڕەسم دا ئاژانسی ناسا، کۆمپانیای گووگڵ، نێتفلێکس و چەند دەزگایەکی جیهانی دیکە دوای سەرکەوتن لە رکابەرییەکان لە بوارەکانی دیکەدا، خەڵاتیان وەرگرت."
 
خەڵاتی وێبی یەکێکە لە بەنێوبانگترین خەڵاتەکانی جیهان، رووداو دەبێتە یەکەمین دەزگای میدیایی لە کوردستان و عێراق ئەو خەڵاتە وەربگرێت، هەروەها دەبێتە دووەمین دەزگای میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بەدرێژایی 28 ساڵی تەمەنی رێکخراوی وێبی ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
 
کلەیر گرەیڤسی، سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی رایگەیاند، ئەم ساڵ 13 هەزار ئەکتەر، فیلم و بەڵگەفیلم لە 70 وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیاندا بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی وێبی لە بوارە جۆراو جۆرەکان دا و، رووداو یەکێک لەو خەڵاتانەی بردەوە.
 
ئەم سەرکەوتنە بە توانا و داهێنەری تیمی بەرهەمهێنی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای و، دەنگ و پشتیوانی بینەرانی رووداو بەدیهات. لەبەرئەوە بەر لە هەمووان ئەم سەرکەوتنە لەگەڵ بینەر و خوێنەر و بیسەرانی رووداو دا بەش دەکەین، کە بە پشتیوانی بەردەوامیان وادەکەن رووداو بەردەوامبێت لە سەرکەوتن.
 
خەڵاتەکانی وێبی پێوەرێکن بۆ دیاریکردنی لەپێشترینەکان لە ئینتەرنێت دا و، باشترینەکانی بواری چیرۆکگێڕانەوە و میدیای دیجیتاڵی. بردنەوەی ئەم خەڵاتە جیهانییە، بەڵگەیەکی جیهانی دیکەیە لەسەر بەتوانایی رووداو و بەرزی کوالێتی بەرهەمەکانی و توانای ناوازەی تیمە بەرهەمهێنەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرهەمهێنان و گێڕانەوەی سەرنجڕاکێش و نیشاندانی کولتوورە جیاوازەکان، هەروەها جارێکی دیکە درەوشاوەیی رۆڵی رووداو دەسەلمێنێتەوە لە گۆڕەپانی میدیای جیهانی دا.
 
تۆڕی میدیایی رووداو کە ئێستا گەیشتووەتە قۆناخی رکابەری کردن لەگەڵ دەزگا میدیاییەکانی جیهان دا، بەهێزێکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت لە رەوتی پێشکەوتن و بەرهەمهێنانی گەورەتردا.