تی بی ئای بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان: بۆ بەجێکردنی مووچەکانتان چاوەڕێی ناردنی ناوەکانتانین

14-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) رایگەیاند، پابەندن بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە و چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆئەوەی لیستی ناوی فەرمانبەرانیان بۆ بنێرن.
 
بانکە عێراقییەکە لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە رۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، بەهۆی ئەو داواکارییە زۆرەی بۆ روونکردنەوە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە پێیان دەگات، دەیەوێت جەخت لەسەر پابەندبوونی بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە بکاتەوە.
 
بانکی عێراقی بۆ بازرگانی دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی باسی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلای بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی دەکات، کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن."
 
بانکەکە، کە بەپێی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو حەوت بانکەی بەشدارن لە پڕۆژەی "هەژماری من"، باسی جۆری بەشداریکردنەکەشی لە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات و روونیدەکاتەوە، "بەشداریی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەبێت."
 
بانکەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "توانای کرداریی بەرز و رەسەنمان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەوانەی دەیانەوێت بانکەکەی ئێمە لە چوارچێوەی بانکە بەشدارەکانی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەراندا هەڵبژێرن."
 
سەبارەت بە کاتی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران، بانکەکە دەڵێت، "بانکەکەمان هێشتا چاوەڕێی ناردنی لیستی ناوی ئەو مووچەخۆرانەیە کە مووچەکانیان لەلای ئێمە بەجێ دەکرێت بە هاوپێچیی بەڵگەنامەکان، بۆئەوەی دەست بە بەجێکردنی مووچە بکرێت."
 
لە 27ی ئاداری ئەم ساڵ، بانکی تی بی ئای بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە، دەیانەوێت بەشداری لە پرۆسەی بەجێکردنی مووچە بکەن. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش لە 28ی مانگی چوار، لەڕێگەی نووسراوێکەوە رایگەیاند، رەزامەندن بانکی بازرگانیی عێراق بەشداری لە پرۆژەی "هەژماری من" بکات.
 
رۆژی 7ی نیسانی 2024 وەزیری دارایی بە نووسراوێک داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، زانیاریی پێبدات بۆئەوەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە یەکێک لە سێ بانکەکەی حکومەت"رەشید، رافیدەین و تی بی ئای" دەستپێبکرێت.
 
وەزارەتە بۆ ئەو بڕیارەی پشتی بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بەستبوو کە رۆژی 21ـی شوباتی ئەم ساڵ دەرچووە و داوای بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکات.
 
بۆ دابەشکردنی مووچە، لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ناکۆکی هەیە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچە لەرێگەی پڕۆژەی'هەژماری من'ـەوە بدرێت، بەغداش لە رێگەی سێ بانکی حکومەت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە