تەرمی ژنێک لە رووباری زێی گەورە دۆزراوەتەوە و ناسنامەکەی دیار نییە

رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕینی 13 کاژێر بەسەر دۆزینەوەی تەرمی ژنێک لە رووباری زێی گەورە لە سەنتەری ناحیەی دێرەلووک، هێشتا ناسنامەی دیار نییە.
 
کاژێر 08:00ـی ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە، 13-5-2024) تەرمی ژنەکە دۆزراوەتەوە، کە تەمەنی 30 ساڵ دەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک رایگەیاندووە، تەرمی ئەو ژنە لە رۆخی رووباری زێی گەورە، لە نزیک مزگەوتی رەشاڤەییان لە ناحیەی دێرەلووک دۆزراوەتەوە و رەوانەی دادپزیشکی دهۆک کراوە، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و دیاریکردنی ناسنامەکەی.
 
سەرچاوەیەک لە دادپزیشکی دهۆک بە رووداوی گوت، تەرمەکە بەهۆی ئاو، تێکچووە. "دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامە و هۆکاری کەوتنە نێو ئاو و گیانلەدەستدانی ئاشکرا نەبووە."
 
دەربارەی کاتی پێویست بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ژنەکە، ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند "تەرمەکە کەمێک تێکچووە بۆیە ئەمە کاتی دەوێت."