لە مەندەلی بوومەلەرزەیەک روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلە بە پێوەری رێختەر لە قەزای مەندەلیی سەر بە پارێزگای دیالە روویدا و هیچ زیانێکی گیانی یان دارایی نەبووە.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "بوومەلەرزەکە کاژێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە باشووری رۆژهەڵاتی قەزای مەندەلی بە دووری 34 کیلۆمەتر روویداوە."
بەپێی گوتەبێژی کەشناسی، خەڵک هەستیان بە بوومەلەرزەکە نەکردووە، هیچ زیانێکیش بەو هۆیەوە تۆمارنەکراوە.
بەپێی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، مانگی رابردوو 19 بوومەلەرزە لەلایەن عێراقەوە تۆمارکراون، نۆیان لە باشووری کوردستان بوون، دهۆک بە چوار بوومەلەرزە لەسەر ئاستی عێراق زۆرترینی تێدا تۆمار کراوە. لەو 19 بوومەلەرزەیە 9یان لەنێو عێراق و 10یان لە دەرەوەی عێراق بوون.
ئەو نۆ بوومەلەرزانەی لە عێراق روویانداوە، سەرجەمیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بوون:
- دهۆک: چوار بوومەلەرزە (دهۆک، ئامێدی و سیمێل)
- هەولێر: دوو بوومەلەرزە (مێرگەسۆر و مەخموور)
-هەڵەبجە: یەک بوومەلەرزە
- کەرکووک: دوو بوومەلەرزە (داقووق)