گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی: رێکخستنەوەی دارایی گشتی پڕۆژەی هەموو لایەنەکانی حکومەت بوو

14-05-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسند کرا، پڕۆژەی هەموو لایەنەکانی حکومەت بووە و بە کۆی دەنگ پەسندکراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-05-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و تیمی یەكێتی کۆبووەوە. 
 
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی "رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان"، لە راگەیێندراوی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیراندا هاتووە، "ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنی."
 
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژە یاساکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، " پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسندکرا، پڕۆژەی هەموو لایەنەکانی حکومەت بووە و بە کۆی دەنگی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران و هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن پەسند کراوە.
 
سەبارەت بەوەی گوایە هەندێک لایەن لە دژی پرۆژەیاساکە بوون، سەمیر هەورامی گوتی، "گفتۆی ورد لەبارە چۆنییەتی داڕشتنی پڕۆژەکە کراوە، ئەگینا هەموو لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەگەڵ ناوەڕۆک و ئامانجی ئەو پڕۆژەیە بوون و بەهیچ شێوەیەک رەتنەکراوەتەوە. "هیچ کەسێک دژی نەبووە و هەمووان لەگەڵ ئەو مەبدەئە بوون کە پێویستە بۆ رێکخستنەوەی دارایی هەرێمی کوردستان، داهات و خەرجییەکان ناوەندیی بن و مووچە سیادی بێت".
 
لەبارەی رێخستنەوەی دارایی گشتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریدا "کاری لەپێشینە لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم". بۆ خەرجییەکانی دیکەش جگە لە مووچە، حکومەت دەڵێت، "پێویستە بە میکانیزم و رێکاری گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانیی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

راماڵینی بەفر لە سەر رێگای سەرەکیی زینی وەرتێ لە ناحیەی وەرتێ- قەزای رواندز.

رێگەی زینی وەرتێ کرایەوە و کێلێ بە داخراوی ماوەتەوە

دوای داخستنی بەهۆی بەفرەوە، رێگەی زینێ وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەروازەی کێلێ لە ئیدارەی راپەڕین بە رووی هاتووچۆی شۆفێراندا ئاسایی نەبووەتەوە.