لە دھۆک پردێکی ددان لە ناو بۆڕیی خواردنی ئافرەتێک دەرھێنرا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەشی ھەناوبینیی نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک پردێکی ددان لە بۆڕیی خواردنی ئافرەتێکی تەمەن 60 ساڵ دەرھێنرا. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئایاری 2023، نەحۆشخانەی ئازادی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە کە ئافرەتێکی تەمەن 60 ساڵ، سەردانی بەشی ھەناوبینیی نەخۆشخانەکە کردووە، لەبەر ئەوەی پردی ددانەکانی قوت دابوو، چووبووە ناو بۆڕیی خواردن (سورێنچک). 
 
نەخۆشخانەکە چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە پردی ددانەکە پێشاندەدات و جێگەی دوو ددانی پێوەیە و دەڵێت توانیویانە بەھۆی دەزگای ھەناوبینی (نازووڕ) ئەو پردە بە سەرکەوتوویی دەربێنن و ئێستا تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیرە.
 
بێوار شوکری، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی ئازادی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەندروستیی ئافرەتەکە باشە و رەوانەی ماڵەوە کراوە.