رووداو دیجیتاڵ
بریکارێکی سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە پارێزگای کرماشان و دەڵێت، "بابەتێکی گرنگ کە پێویستە پلانێکی ستراتیژی بۆ دابنرێت، کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی پارێزگاکەیە کە لە ئاستێکی بەرزدایە."
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 14-04-2025 محەممەد جەعفەر قائیمپەنا، بریکاری کارگێڕیی سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ محەممەد ئەتابەک، وەزیری پیشەسازی و کانزا و بازرگانیی وڵاتەکە بە سەردانێک گەیشتنە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان لەبارەی سەردانەکەی بریکاری سەرۆککۆماری ئێران بە میدیای راگەیاند، "ئەو سەردانە دوو رۆژ دەخایێنێت و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی، بەسەرکردنەوەی پڕۆژە ستراتیژییە ئابووری و پیشەسازییەکانی پارێزگاکەیە."
لەکاتی گەیشتنی بە کرماشان، بریکاری کارگێڕیی سەرۆککۆماری ئێرانیش گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "کرماشان گرنگترین دەروازەی وڵاتە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق کە رۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدانی ئابووریی ناوچەکەدا هەیە."
محەممە جەعفەر قائیمپەنا گوتیشی، "حکومەت وێڕای لەبەرچاوگرتنی گرنگیی وەبەرهێنان بۆ بەرهەمهێنان، کۆمەڵێک پلانی هەیە بۆ پەرەپێدان و بەکارخستنی تواناییەکانی پارێزگاکە، بەتایبەتی لە بەشی دامەزراندندا."
بەگوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی ئاماری ئێران کە 12ی نیسان بڵاوکرایەوە، پارێزگای کرماشان لە رێژەی بێکاریدا لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە. ئەو بریکارەی سەرۆککۆمار کە خۆی لەدایکبووی کرماشانە، دەڵێت، "بابەتێکی گرنگ کە پێویستە پلانێکی ستراتیژی بۆ دابنرێت، کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی پارێزگاکەیە کە ئێستا لە ئاستێکی بەرزدایە."
سەردانەکەی بریکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری کارگێڕی لە کاتێکدایە، بڕیارە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات.
رۆژی شەممە 15-02-2025 رەزا دارابی، جێگری پارێزگاری ئیلام لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و پەرەپێدانی پارێزگاکە رایگەیاند، دوای نەورۆز، سەرۆککۆماری ئێران دێتە ئیلام.
ئیلام و کرماشان دوو پارێزگای سنووریی گرنگی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانن کە بەگشتی پێنج دەروازەی سنوورییان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە لە کرماشان دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
هەورەها دەروازەی سنووریی میهرانیش بە دووریی 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ