رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری رایگەیاند، ئەو کاتەی لە بەغدا بوون، داواکارییەکەی نێچیرڤان بارزانی-یان بۆ پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە سەردەمی نووری مالیکی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد.
شەوی دووشەممە، 14-04-2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری ئێکس پەیامێکی لەبارەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بڵاویکردەوە و رایگەیاند: "بۆ مێژوو، ئێمە داواکارییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی ھەرێم-مان لە ساڵی 2013/2014 لە سەردەمی بەڕێز مالیکی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە بەڕێز د.حوسێن شەهرستانی سەرۆکایەتی دەکرد، پێشکێش کرد بۆ وەرگرتنی رەزامەندی سەرەتایی لەسەر داواکارییەکە".
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ئەوکاتیش ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان، بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
نێچیرڤان بارزانی لە نووسراوەکەدا داوای کرد هەڵەبجە وەک پارێزگای ژمارە 19ی عێراق بناسێندرێت.
هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دەقی رەشنووسی پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی بۆ نووری مالیکی نارد.
تەنیا هەفتەیەک دوای نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی و لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2013دا ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ژمارە 568ـی ساڵی 2013ی بە دوو خاڵ بڵاوکردەوە و یەکێکیان رەزامەندیدان بوو لەسەر نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا.
پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە عێراق نزیکەی 10 ساڵ وەستێندرا تاوەکو لە 13ی ئاداری 2023دا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسند کرد و ناردییەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری.
دوو خوێندنەوە بۆ رەشنووسی پڕۆژەیاساکە کرا، بەڵام بە گەیشتنی بە قۆناخی دەنگدان، پەکی کەوت. تاوەکو ئەمڕۆ 14-04-2025 پرۆژەیاساکە پەسندکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ