رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی سەری ساڵی کوردی ئێزدییەوە، لە پارێزگاری نەینەوا رۆژی چوارشەممە بۆ کوردانی ئێزدی کرایە پشووی فەرمی.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، بڕیاری دا رۆژی چوارشەممە، 16ی نیسانی 2025، لە سەرجەم دامودەزگاکانی پارێزگاکە پشووی فەرمی بێت بۆ کوردانی ئێزدی، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی نوێی ئێزدی.
عەبدولقادر دەخیل وێڕای پیرۆزبایی، خوازیارە جەژنێکی "پڕ لە خێر و ئاشتی" بێت و "خودا ئەم بۆنەیە بە ئارامی و سەقامگیری و خۆشیی هەمیشەیی بۆیان بگەڕێنێتەوە."
ویسام سالم سەلیم، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەوار لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ نووسراوی بۆ ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد، بۆ ئەوەی 16ی ئەم مانگە بکرێتە پشووی فەرمی بۆ پێکهاتەی کوردانی ئێزدی لە هەموو فەرمانگە مەدەنی و سەربازییەکان لە سوپا و پۆلیسەوە. ئەمڕۆ سەرۆکی ئەنجوومەن نووسراوەکەی بۆ پارێزگاری نەینەوا بەرزکردووەتەوە و ئەویش رەزامەندی لەسەر دەربڕی.
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەوار لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، ئەمە دووەمین ساڵە لە نەینەوا دەبێتە پشوو بۆ کوردانی ئێزدی.
جەژنی سەری ساڵی ئێزدی، یەکێک لەو بۆنانەیە کە ساڵانە کوردانی ئێزدی لە سێیەمین چوارشەممەی مانگی نیسان (بە رۆژژمێری زایینی، یەکەم رۆژی مانگی نیسان بە رۆژژمێری هەتاوی) تێیدا ئاهەنگ دەگێڕن. لەو رۆژەدا ئێزدییەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە سەردانی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانیان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ