سەرۆک بارزانی لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە: هیوادارم هەنگاوێک بێت بۆ ساڕێژبوونی ئازارەکان

14-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سوپاسی سەرۆکایەتی و ئەو ئەندام و فراکسیۆنانەی پەرلەمان دەکات کە دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاساکەیان دا. هیواش دەخوازێت، بەپارێزگاکردنی شارەکە هەنگاوێک بێت "بۆ خزمەتکردن و بووژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە."
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت: "دەستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و هەموو ئەو ئەندام و کوتلە سیاسیانەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە رۆڵی ئەرێنیان بینی لە پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. هەروەها دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و هاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوە."
 
سەرۆک بارزانی دەشڵێت: "پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەم. هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دا؛ دانیشتنی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 178 پەرلەمانتار بوو. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، "پیرۆزە هەڵەبجە بوو بە 19یەمین پارێزگای عێراق."
 
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەدوای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ساز کرد. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "بەشێکی فراکسیۆنی عەرەبییەکانیش پشتیوان بوون لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە."
 
موسەنا ئەمین گوتی: "هەموو فراکسیۆنەکان رۆڵی باشیان لە پەسنکردنی پڕۆژەیاساکەدا هەبوو."
 
هاوکات، هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند: "سەرەڕای رێگریی بەشێک لە فراکسیۆنەکان، هەڵەبجە بووە پارێزگا." 
 
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :"ئەمڕۆ رۆحی شەهیدانی هەڵەبجە ئاسوودە بوو. هەڵوێستی یەکگرتووی لایەنەکان ئەنجامی باشی لێوە بەدەستهات."
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
دەستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و هەموو ئەو ئەندام و کوتلە سیاسیانەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە ڕۆڵی ئەرێنیان بینی لە پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. هەروەها دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و هاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوە.
 
هەروەها پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەم.
 
هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە.
 
هەر لەو بۆنەیەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین و هیوای خێر و خۆشی بۆ خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیان دەخوازین.
 
مسعود بارزانی
14ی نیسانی 2025

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.