نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندیمان لەگەڵ فەرەنسا زۆر تایبەتە و بەردەوامیش بەهێزتر دەبێت

14-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریسەوە دەڵێت، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا "بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا، عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها پرسە سەرەکییەکانی ناوچەکەشمان تاوتوێ کرد".
 
نێچیرڤان بارزانی لە ئێکس رایگەیاند، "جێگەی شانازییەکی گەورە بوو کە ئەمڕۆ لە کۆشکی ئێلیزێ بووم بۆ دیداری دۆستی ئازیزم، سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن. پەیوەندیمان لەگەڵ فەرەنسا زۆر تایبەتە و بەردەوامیش پەرە دەسێنێت و بەهێزتر دەبێت. بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا، عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها پرسە سەرەکییەکانی ناوچەکەشمان تاوتوێ کرد. سوپاسی سەرۆک ماکرۆنم کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکەی لە هەرێمی کوردستان و رۆڵە گرنگەکەی لە برەودان بە سەقامگیریی ناوچەکەدا".
 
هاوکات، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 14-4-2025، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ رێوڕه‌سمێكى فه‌رميدا له‌ كۆشكى ئیليزێ له‌ پاريس، له‌لايه‌ن ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێشوازیى لێكرا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى دووقۆڵيدا، هه‌ردوو سه‌رۆك پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسايان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان تاوتوێ كرد، "سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى به‌رده‌وامى فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه‌".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هه‌ردوو سه‌رۆك جه‌ختيان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوەندييه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و دوورخستنه‌وه‌ى وڵات له‌ ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌".
 
دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست یەکێک بووە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "له‌ ته‌وەرێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، دۆخى سووريا و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌رده‌واميى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌. هه‌ردوو سه‌رۆك داكۆكييان له‌ گرنگيى مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌ سووريا و گفتوگۆ و لێكگه‌یيشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاشتييانه‌ى كێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌‌، كرده‌وه‌".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "چه‌ند پرس و بابه‌تێکى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو".
 
 
کۆشکی ئیلیزێ و بایەخی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی
 
کۆشکی ئیلیزێ کە بە چەقی دیپلۆماسیی ئەورووپا دادەنرێت. لە قۆناخێکی هەستیار بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، دەرگای بۆ میوانێکی گرنگ واڵا دەکرێت.
  
کەنداڵ نەزان، سەرۆکی پەیمانگەی کورد لە پاریس بە رووداوی گوت: "سەردانەکە لە کاتێکدایە، لەدوای جەنگەکانی غەززە و لوبنان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گۆڕانکاریی گەورەدا تێدەپەڕێت؛ لە سووریا حکومەتێکی نوێ و لە تورکیا پڕۆسەی ئاشتی هەیە، کە هەردووکیان پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە هەیە".
 
ئەو بەرپرسە فەرەنسییانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە دەڵێن، سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان بە بایەخەوە و وەک سەرکردەیەکی دیاری گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکە، گوێ لە تێڕوانینەکانی نێچیرڤان بارزانی دەگرێت. 
 
رێمی فێراود، سیناتۆری فەرەنسی دەڵێت: "ئەمە دەیسەلمێنێت کە چەقی جوگرافیای سیاسیی کوردستان، هەولێر، زۆر گرنگە و سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی ئەکتەرێکی گرنگ و باوەڕپێکراوە لەم ناوچەیەدا".
 
ئارنۆ ناتاشا، جێگری سەرۆکشارەوانیی پاریس باسی لەوە کرد: "بەم کۆبوونەوەیەی نێوان سەرۆککۆماری فەرەنسا و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دڵخۆشم. ئەمە بە واتەی بەهێزکردنی رۆڵ و سەنگی وڵاتەکەتان لەسەر سەکۆی نێودەوڵەتی دێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.