رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی کاتیی سووریا سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەپای هەوڵەکانی بۆ ئاشتی لە تورکیا و رێککەوتنی سیاسی لە سووریادا.
بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆببێتەوە. پێش کۆبوونەوەکە، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پاریسەوە قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ ئەو وڵاتە کرد و باسی لە گرنگی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک کرد.
فەوزی هەریری گوتی، "ئەم سەردانەی پاریس لەسەر داوەتی سەرۆک ماکرۆن بووە بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەیەک دیداری دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنتاڵیا هەبووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، هەرێمی کورستان توانیویەتی رۆڵی گرنگی سیاسیی هەبێت لە ناوچەکەدا."
هەریری ئاماژەی بەوەش کرد، "جەنابی سەرۆکی هەریمی کوردستان بووەتە جێگەی متمانەی سەرۆکەکانی ناوچەکە و جیهان، کە ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان دەکەن. بۆیە دیدارەکە گرنگە و فەرەنساش بایەخ بە بۆچوونەکانی [سەرۆکی هەرێمی کوردستان] دەدات."
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "لە ناوچەکەدا پرۆسەی ئاشتی لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیادا هەیە. هەروەها گۆڕانکارییەکانی سووریا هەن، پرۆژەیەکیش لەنێوان گەلی رۆژئاوای کوردستان و دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیە، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر ئەرێنی هەبووە."
فەوزی هەریری دەڵێت، "جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە گەیاندنی بۆچوونەکان لە تورکیا و لە سووریا لەگەڵ [لایەنە کوردییەکانی] یەکدی. لەو دانوستانەی دەم پارتی و پەکەکە لەگەڵ تورکیا راستەوخۆ بێ یان ناڕاستەوخۆ دەیکەن، هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی راستەوخۆیان هەیە لە گەیاندنی بۆچوونەکان."
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی رۆڵی گرنگی هەبووە لە گفتوگۆکانی نێوان رۆژئاوای کوردستان و ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی.
هەریری ئەوەی ئاشکرا کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵی هەبووە لە "نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و هەسەدە لەگەڵ حکومەتی ئێستای سووریا. ئەوەش لە ئەنتاڵیا لەگەڵ سەرۆک شەرع باسکرا. سەرۆکی سووریا سوپاسی ئەرک و هیمەتی جەنابی کاک نێچیرڤانی کرد بۆ ئەو دەستوەردانە ئەرێنییەی کردوویەتی لە بوارەکەدا."
لە بەردەوامی قسەکانیدا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان، ستایشی رۆڵی جەنابی کاک نێچیرڤانی کرد لە نزیککردنەوەی کوردی تورکیا، دەم پارتی و پەکەکەش. هەندێک باسی هەنگاوەکانی ئاییندەش لەسەر ئاستی چارەسەکردنی کێشەکان کرا."
فەوزی هەریری دەڵێت، سەقامگیریی ناوچەکە راستەوخۆ کاریگەریی باشی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، لەڕووی ئابووری، سیاسی و هەموو بوارەکانی دیکەوە.
لەبارەی تێڕوانینی وڵاتانەوە بۆ شەرع، هەریری گوتی، "وڵاتەکان چاوڕوانی کردارن لە سەرۆکی نوێی سووریا، لەو چوارچێوەیەدا فەرەنساش هەمان چاوەڕوانیی هەیە، لەو بوارەدا بۆچوونی کاک نێچیرڤان زۆر گرنگە بۆ سەرۆک ماکرۆن."
بە گوتەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، داوایان لە ئەحمەد شەرع کردووە، "لە نووسینەوەی دەستوور نوێنەرێکی راستەقینەی کورد لە لیژنەی ئامادەکاردا بەشداربێت؛ هەروەها کورد راستەوخۆ لەو هەنگاوانە بەشداربێت کە سەرۆککۆماری نوێی سووریا بۆ یەکگرتنەوەی سووریا دەیەوێت بینێت، سەرۆک ماکرۆن دەیەوێت ئەو تێبینییانە بزانێت و ئەوانیش لە دوورەوە لە دۆخەکە دەڕوانن."
وەکو فەوزی هەریری ئاماژەی پێکرد، ئەحمەد شەرع دڵنیایی ئەوەی داوە، "کورد وەکو هاووڵاتیی رەسەنی سووریا دەبینن و مافیان هەیە. رێککەوتن بکەن و نەیکەن لەگەڵ هەسەدە، کورد مافیەتی ژیانێکی ئارامی لە وڵاتەکەدا هەبێت."
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، شەرع دەیەوێت هەسەدە بێ یان ئەنەکەسە یان هەر لایەنێکی دیکەی کوردی، لە بەڕێوەبردنی سووریادا بەشداربن.
فەوزی هەریری دەڵێت، "پەیامی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە ئەحمەد شەرع، کە کورد دەبێت وەکو نەتەوە و وەکو هێزێکی سیاسی رۆڵی هەبێت لە سووریادا."
دەقی قسەکانی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ ژمارەیەک کەسی گرنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەتەوە، ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، گرنگیی ئەو کۆبوونەوانە چین؟
فەوزی هەریری: زۆر بەخێر بێن، بێگومان ئەم سەردانەی پاریس لەسەر بانگهێشتی خودی بەڕێز سەرۆک ماکرۆن بووە، بۆئەوەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادە بێت، پاش ئەو هەموو دیدارانە دێت کە لە ئەنتاڵیا هەبوون، بەدەر لە ئەنتاڵیاش دیدارەکانی دیکەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمە دەردەخات کە پێگەی هەرێمی کوردستانی عێراق بە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانی عێراق توانیویەتی دەوری خۆی ببینێت بەدەر لەو هەموو کێشانەی ئێمە خۆمان هەمانە لەنێو هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام توانیومانە رۆڵێکی سیاسی لە ناوچەکە ببینین، لە هەمان کاتیشدا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی متمانەی سەرکردەکانی ناوچەکە، کە ئاڵوگۆڕی را و بۆچوون دەکەن لەگەڵ جەنابیان، لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش؛ بۆیە ئەو دیدارە دیدارێکی گرنگە لە چوارچێوەی دیدارەکانی جەنابی سەرۆک، فەرەنساش بایەخ بەو بۆچوونە و بە ئاڵوگۆڕی را دەدات.
رووداو: ئەمڕۆ تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە چییە؟
فەوزی هەریری: بێگومان لەنێو ناوچەی خۆمان دەزانین کە پڕۆژەیەکی ئاشتی هەیە لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا، ئەو گۆڕانکارییە کە لە سووریا کرا، پڕۆژەیەک هەیە لەنێوان میلـلەتی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا. هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر زۆر ئەرێنیی لەو چوارچێوەیەدا بینیوە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە گەیاندنی ئەو دوو را و بۆچوونە هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا لەگەڵ یەکدی. ئەو ئەرکەی کە دەم پارتی و پەکەکە لە تورکیا بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیادا دەیکەن، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی راستەوخۆی هەیە لە گەیاندنی ئەم بۆچوونانە. لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و ئەحمەد شەرع گەیاندن و نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی ژەنەراڵ مەزڵووم و هەسەدە لەگەڵ حکومەتی نوێی ئێستا، ئەو بابەتەش باس کرا لەگەڵ سەرۆک شەرع لە ئەنتاڵیا و سوپاسی سەرۆکی کرد. سەرۆککۆماری سووریا سوپاسی ئەرک و هەوڵی جەنابی کاک نێچیرڤانی کرد بۆ ئەو دەستوەردانە ئەرێنییەی کە کردوویەتی لەو بوارەدا. لە هەمان بواریش جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەردۆغان ستایشی رۆڵی جەنابی نێچیرڤانی کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی کوردی تورکیا، دەم پارتی و هەروەها پەکەکە بۆ هەندێک باسی هەنگاوەکانی داهاتوو لە سەر ئاستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان. ئەم سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا راستەوخۆ کاریگەرییەکی ئەرێنی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەسەر پەیوەندییەکانی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و خەڵکی خۆمان، بۆیە ئەم رۆڵە رۆڵێکی پیرۆزە و ئێمە پشتگیری دەکەین و فەرەنسا لەبەر چاویەتی کە ئەو هەنگاوانە گرنگن و دەیانەوێت پشتگیریی زیاتری جەنابی سەرۆکی هەرێـمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بکەن بۆ سەرکەوتن.
رووداو: فەرەنسا تاوەکو چەند دەیەوێت بەشدار بێت لە پڕۆسەی ئاشتی و هەروەها وەرگرتنی مافی کورد لە سووریا؟
فەوزی هەریری: بێگومان هەموو لایەنێک پێشوازی لەو گۆڕانکارییە دەکەن کە لە سووریا هەبوو، بەڵام چاوەڕوانیی کردەوە دەکەن لە سەرۆکی نوێی سووریا، فەرەنساش بە هەمانشێوە، بۆیە را و بۆچوونی کاک نێچیرڤان زۆر گرنگە بۆ سەرۆک ماکرۆن لەسەر دیدارەکەی کە چی کاریگەرییەکی (ئینتیباع) لێ وەرگرتووە، واتا ئێمە تێبینییەکمان هەبوو کە ئەو بەڕێزە زۆر بە هێمنی قسەی دەکرد، بە هێمنی بوو، قسەی باشی دەکرد، ئەرێنی بوو، هەمان چوارچێوە کە تاوەکو ئێستاش گوێمان لێبووە، بەڵام زیاتر پێویستە بچێتە نێو کردەوە. ئێمە داوامان کرد بە نووسینی دەستوور، نوێنەرێکی راستەقینەی کورد ئامادە بێت لە لیژنەی ئامادەکاری، ئێمە داوامان کرد کە کورد راستەوخۆ ئامادە بن لەو هەنگاوانەی کە ئەو سەرۆککۆمارە نوێیە دەیەوێت بۆ یەکگرتنەوەی سووریا جێبەجێی بکات. سەرۆک ماکرۆن ئەو تێبینییانەی پێویستە بزانێت و ئەوانیش لە دوورەوە تەماشای دۆخەکە دەکەن. بێگومان ئەوانیش گوشار دەخەنە سەر سووریا بۆ ئەوەی کورد و کەمینەکانی دیکە، مەسیحی، کریستییانەکان و درووز ئەوانیش بەشدار بن و جەنابیان رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەوەدا.
رووداو: پێتان وایە ئەحمەد شەرع بیەوێت سیستمێکی دیموکراسی دروست بکات یان مافی کورد بدات؟
فەوزی هەریری: ئێمە تەنیا گوێمان لە قسەکانی گرت و ئەو دڵنیای کردینەوە کە کورد وەکو هاووڵاتیی رەسەنی سووریا بەرچاوە و کورد مافی خۆیەتی ژیانێکی ئاسوودە، ئارام و سەرکەوتووی هەبێت لە سووریا و گوتی، ئێمە لەگەڵ هەسەدە رێککەوتن بکەین یان نەیکەین، کورد هەر کوردە و هەر مافی خۆیەتی لەنێو وڵاتمان، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئینجا هەسەدە بێت، ئەنەکەسە بێت یان لایەنەکانی دیکە، رۆڵیان هەبێت لەو هەنگاوە و گوتیشی کورد مافەکانی پارێزراوە، بەر لەویش خەڵکی دیکە ئەوەیان گوتووە، بەڵام ئێمە حەز دەکەین بزووتنەوەی سیاسیی نوێنەرایەتیی کورد راستەوخۆ لە دیمەشق رۆڵی هەبێت.
رووداو: کورد وەکو هاووڵاتی مافی پارێزراو دەبێت یان وەکو نەتەوە؟ ئەمە دوو شتی جیان.
فەوزی هەریری: بەڵێ. بۆچوونەکەی ئەو دەڵێت، ئێمە دیموکراسیمان هەبێت لە وڵات، هەموو وڵات یەک بن. ئێمە هەستی نەتەوەییمان زیاترە، بەرزترە، بۆچوونێک هەیە و باوەڕ ناکەم هیچ (تەحەفوز)ـێکی هەبێت لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام ئەو دەڵێت ئێمە سوورین و خەڵکی سووریا هەموو یەکە، ئەگەر هەموو خەڵکی سوویا یەکە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نابێت. لەبیرمە کە جەنابی بارزانیی نەمر رێککەوتنی 11ی ئاداری واژۆ کرد لەگەڵ حکومەتی بەغدا لە ساڵی 1970، درووشمەکە دیموکراسی بۆ عێراق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان بوو، ئەوە زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە، بەڵام ئێمە ئیمانمان بەوە نەبوو کە دیموکراسی دەبێت، بۆیە داوای حوکمی زاتیشمان کرد بۆ خۆمان، بەڵام دەبێ بزانین جوگرافیای کورد لە سووریا جیاوازە لە جوگرافیای کورد لە عێراق، ئێمە ناوچەکەمان 99% کوردە، ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان تێکەڵن، بۆیە دەبێت سیستمێک هەبێت کە هەموو ئەو میللەتانەی کە لەو ناوچەیەی پێی دەڵێن رۆژئاوا، رازی ببن بەوە و ئێمە پشتگیریی هەموو هەست و خواستی ئەو میللەتە دەکەین، ئەویش ئەو پەیامەی پێگەیشت، بە شەرع گەیشت، پەیامی نێچیرڤان بارزانی گەیشت کە دەبێت کورد وەکو نەتەوە، وەکو هێزێکی سیاسی رۆڵی هەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت.
فەوزی هەریری: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ