سەرۆکی شارەوانیی ئامەد: ئەو دووکاندارانەی ناوی کوردی بەکاردێنن باجی کەمتریان لێ وەردەگرین

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی ئامەد رایگەیاند، هەر دووکاندار و کارساز و بازرگانێک، ناوی شوێنی کارەکانیان بکەنە کوردی، یان ناوی کوردی لێبنێن، ئەوان لە پێدانی باج داشکاندنیان بۆ دەکەن.
 
لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا سارا بووجاک و دۆغان خاتوون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد باسیان لە کاریگەرییەکانی دانانی قەیووم بەسەر سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئامەد لە ماوەی رابردوودا کرد. هەروەها باسیان لە پلانی خزمەتکردنی پێنج ساڵی داهاتووی خۆیان کرد بۆ ئامەد.
 
سارا بوجاک سەبارەت بە تابلۆی ناوی دووکان و مارکێت و شوێنی کارکردن لە ئامەد گوتی "بۆ برەودان بە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی لەو جوگرافیایەدا، داشکاندن لە باجی ساڵانەی ئەو شوێنانە دەکەین کە ناوی کوردی لە شوێنی کارەکانیان دەنێن. هەروەها نیازمان وایە بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و گەشەپێدانی زمان بکەینەوە. چونکە نیازمان وایە کار بۆ زیاتر بەکارهێنانی زمانی کوردی بکەین لەنێو دامودەزگا فەرمییەکاندا."
 
لە 31-03-2024 سارا بووجاک و دۆغان خاتوون، وەکوو بەربژێرانی دەم پارتی، توانیان 64.09٪ دەنگەکانی ئامەد بەدەست بهێنن و ببنە سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە.
 
هەرچەندە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا درێژکراوەکانی دەم پارتی، وەکو هەدەپە سەرۆکایەتیی شارەوانی ئامەدیان بردووەتەوە، بەڵام لە هەشت ساڵی رابردوودا لە شوێنی ئەوان قەیووم دانراوە.