رووداو - چەمچەماڵ
36 ساڵ بەسەر شاڵاوی ئەنفال تێپەڕی و جارێکی دیکە ئازار و فرمێسکەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان نوێ بوونەوە؛ بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان تاوەکو ئێستاش عەوداڵی هەواڵێکن لێیان.
عەلی نووری، رزگاربووی ئەنفال دەڵێت، "ژیان هیچ خۆش نییە، دوای ئەنفال ئەوەی هاوڕێ و هاوتەمەنت بوو نەماوە، ئیدی خۆشی لە چیدایە؟"
ئەو فرمێسکانەی منداڵییان پێ پیر کرد، ئەو گریان و لاوانەوەی قژی رەشیان پێ سپیکرد، هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ساڵێکی دیکەیشیان لە خەمی چاوەڕوانی زیاد کرد. مەلیحە محەممەد، کەسوکاری ئەنفال گوتی، "حەز دەکەین رووفاتەکەیان بێننەوە، داوای چی لە حکومەتی عێراق بکەم؟ دەبێت خۆی هەستی هەبێت."
رەسمیە محەممەد کەسوکاری ئەنفالە و باس لەوە دەکات، "هەر رووفاتەکانیان بێننەوە، تێر لەسەری بگرین و بڵێن ئەوە منداڵەکان و باوکی منداڵەکانن."
ئیڤا، نازناوی شادیی تەمەن 36 ساڵە، ئەو کاتەی تەواوی خێزانەکەی ئەنفال دەکرێن، ئەو لەنێو ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بووە، کە پێی گوتراوە ئیڤا، نێو ئەو ئۆتۆمبێلە جێگەی یەکەم گریان و یەکەم بزەی پێکەنینی ژیانی بووە.
شادی ئیسماعیل، تاقانەی ئەنفال دەڵێت، "من لەناو ئیڤا لەدایکبووم، ئیدی ئەوە بووە نازناوم. زۆر شتمان پێویستە، بەتایبەت لە رووە دەروونییەکەوە، هیچ هاوکاری نەکراوین و هیوادارین هەرچی زووە هاوکاری بکرێین."
لە مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، یادێک بۆ 36 ساڵەی شاڵاوی ئەنفال کرایەوە، تێیدا تاجەگوڵینە دانران و خەڵک بۆ ماتەم گێڕان کۆبوونەوە.
ئەوەی ئەم ساڵ جیاواز بوو، یادکردنەوەی ئەنفال بوو لە تێکڕای قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، نەوەی نوێ لە 14/4 جارێکی دیکە وانەی جینۆسایدی کوردیان خوێند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ