کۆمیسیۆن ناوی بەربژێران بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی دووشەممە لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە شیاوییان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و دەستەکانی دەستپاکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەبارەی لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لیستی ناو و دۆسیەی بەربژێران بۆ ئەو لایەنانە دەنێردرێت کە پێویستە لێکۆڵینەوە لە شیاویی بەربژێران بکەن و دوای ئەوەی وەڵامەکانمان بۆ دێتەوە ژمارەی بەربژێران دەردەکەوێت."
 
سەبارەت بەو دامەزراوانەشی لێکۆڵینەوە لە ناوەکان دەکەن گوتی: "بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی عێراق ناوەکان دەنێرێن."
 
بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی پێنجی سیستمی تۆمارکردنی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024،  کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناوی بەربژێران بۆ هەریەک لە"وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەی تاوان و دەستەی دەستپاکیی حکومەتی ناوەند و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ لە رۆژی رادەستکردنی لیستی ناوەکانەوە وەڵامبدرێتەوە، ئەگەر وەڵام نەدرایەوە لیستی ناوەکان بە "شیاو" هەژماردەکرێن بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن پەسندیان بکات.
 
28ـی ئادار دوا وادەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و 57 بەربژێری تاک پەسندکران.
 
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، سەعدوڵڵا فەتاح سەعید عەباس، کە لە نووسینگەى هەولێرى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژادنەکان وەک بەربژێری سەربەخۆ خۆی تۆمارکردبوو، دوورخرایەوە. 
 
11ى نیسانى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دوورخستنەوەى ئەو بەربژێرە بەهۆى ئەوەوە بووە کە بەڵگەنامەکانى خۆبەربژێریکردنى تەواو نەبوون و کێشەیان هەبووە.
 
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.