یاسین خدر: دوورنەخراومەتەوە، کارتی بایۆمەتریم ون کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەر بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی نەبووبێت، یان نوێی نەکردبێتەوە، یان بزری کردبێت "دووردەخرێتەوە"، بۆیە ئەگەری دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەربژێر هەیە، یەکێک لەو بەربژێرانەشی کارتی بایۆمەتریی بزرکردووە دەڵێت: "لەم رۆژانە کێشەکەمان چارەسەر دەبێت."
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، لەبارەی ئەگەری دووخستنەوەی ژمارەیەک بەربژێر کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردووە، بە رووداوی گوت: "لە پێویستییەکانی هەرکەسێک کە دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی هەبێت، یان وەسڵی نوێکردنەوەی بایۆمەتریی هەبێت و بە پێچەوانەوە دووردەخرێتەوە."
 
قسەکانی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دوای ئەوە دێت دەنگۆی دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەربژێر بەهۆی کارتی بایۆمەترییانەوە هەیە.
 
یاسین خدر، یەکێکە لەو بەربژێرانەی لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان خۆی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردووە و کێشەی لە کارتی بایۆمەتریدا هەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە نزیکەی 50 بەربژێرین لەوانەی کێشە لە کارتی بایۆمەتریمان هەیە، بەشێکمان کارتی نییە، بەشێکی هەیەتی و نوێی نەکردووەتەوە، بەشێکیشی کارتەکەی بزرکردووە، من بۆ خۆم کارتی بایۆمەتریم برز کردووە."
 
یاسین خدر گوتی: "ئێمە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پێمانڕانەگەیێندراوە کە لە بەشداریی وەکو بەربژێر دوورخراوینەتەوە و ئەو هەواڵانەی دەگوترێت ناڕاستن. لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا کێشەکەمان چارەسەر دەبێت، بەتایبەت من چونکە کارتەکەم هەیە، تەنیا بزرم کردووە."
 
بەپێی گوتەبێژی کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا تەنیا یەک بەربژێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوورخراوەتەوە، هۆکاری دوورخستنەوەکەش ئەوە بووە دۆسیەکانی سەرەتایی بەربەبژێربوونی "ناتەواو" بووە.
 
بەپێی سیستەمی تۆمارکردنی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ـی ساڵی 2024، پێویستە بەربژێر ئەم مەرجانەی تێدابێت بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن بکات:
 
- مەرجەکانی دەنگدەری تێدا بێت و لە تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران تۆمارکرابێت.
 
- هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بێت، کە خۆی تێدا بەربژێر کردووە.
 
- شیاویی تەواوی هەبێت و 25 ساڵ بێت.
 
- توانای خوێندنەوە و نووسینی هەبێت.
 
- بە تاوانی ئابڕووبەر و ئادابی گشتی و گەندەڵی سزا نەدرابێت.
 
- لەو تاوانانەدا بەشدار نەبووبێت یان نەیکردبێت کە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی سەرکوتکارەکارەوە داڕێژرابێت.
 
رۆژی 10ـى حوزەیرانى 2024 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.