لە ماوەت گەنجێک بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەی جەنگییەوە کوژرا

14-04-2024
هێمن بابان رەحیم
شوێنی بۆردوومانەکە
شوێنی بۆردوومانەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند، شەوی رابردوو لە نزیک گوندی گەڵاڵەی قەزاکە گەنجێک بەهۆی بۆردوومانەوە کوژراوە.
 
ئەندامێکی رێکخراوی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکیش دەڵێت: "ئەو کوڕەی کوژراوە لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی چوونەتە خانووەیەکی خۆیان و دواتر کەسوکاری و هاوڕێیەکانی گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی و بەتەنیا لەو خانووە ماوەتەوە."
 
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی روودواوی راگەیاند: "کاژێر نزیکەی 11:00ـی شەوی رابردوو بەهۆی بۆردوومانێکەوە بۆ سەر خانوویەک لە دۆڵی شۆرێی سەر بە گوندی گەڵاڵە گەنجێک بەناوی محەممەد سەعید کوژراوە، هێشتا دیارنییە لەلایەن کێ  و بە چی کوژراوە، بەڵام گومان دەکرێت بە درۆن کوژراو بێت."
 
هەروەها کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، بە رووداوی گوت: "ئەو گەنجە دانیشتووی شاری سلێمانییە، لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی چوونەتە خانووەکەیان لە نزیک گوندی گەڵاڵە، ئەوان لەوێ رەز و باخیان هەیە، بەڵام بۆ ئێوارە کەسوکاری و هاوڕێیەکانی گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی و ئەو گەنجە لەو خانووە بە تەنیا ماوەتەوە، بەڵام لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگیی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و کوژراوە."
 
بە گوتەی کامەران عوسمان، تەمەنی گەنجە کوژراوەکە لە نێوان 29 بۆ 34 ساڵ دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە،21ـی شوباتی ئەم ساڵ کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، "لە ساڵی 1990ـەوە بە بۆردوومانی تورکیا و ئێران نزیکەی 850 هاونیشتمانی کوژراون و بریندار بوون، کە زۆرینەیان بە هێرشی تورکیا بووە".
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە بۆ رووداو، لە ساڵی 2023دا هێزەکانی تورکیا هەزار و 548 جار هێرش و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان و نەینەوایان کردووە کە هەزار و 159 هێرش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، 228 هێرش لە رێگەی درۆن، 114 هێرش لە رێگەی تۆپباران، سێ ‌هێرش لە رێگەی تەقەکردن و دوو هێرشیش بەهۆی مینەوە بووە.
 
بەگوێرەی پارێزگاکان هێرشەکانی پار بەمشێوەیە بووە؛ لە پارێزگای هەولێر 475 هێرش، پارێزگای دهۆک 517 هێرش، لە پارێزگای سلێمانی 420 هێرش و لە پارێزگای نەینەواش 36 بۆردوومان و هێرش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە