چیرۆکی ئەنفال لە زیندانەکانی دبس؛ "وەکو وەرینی گەڵای دار منداڵ دەمردن"


رووداو دیجیتاڵ

هەژار هەر کە دەچێتە مۆنیۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ؛ راستەوخۆ هەنگاوەکانی بەرەو گۆڕی ئەو منداڵانەیە کە لە زیندانەکانی دبس و نووگرەسەلمان گیانیان لەدەستداوە، چونکە خۆی لەدایکبووی نێو زیندانی دبسە و بە ئەستەم ژیانی رزگاربووە، دەڵێت، هەرکات سەیری هەر گۆڕێک دەکات، وادێتە پێش چاوی، دەکرا یەکێک لەوانە ئەو بووایە. 
 
هەژار غازی، رزگاربووی تاوانی ئەنفالە و لە شارۆچکەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ دادەنیشێت؛ ئەو کاتەی دایکی ژانی منداڵبوون دەیگرێت، ژنەکانی دەوروبەری لەنێو زیندان زۆر هەوڵدەدەن و بە سەربازە عێراقییەکان دەڵێن کە هاوکاریی بکەن و منداڵەکەی لە نەخۆشخانە یان شوێنێکی سەلامەت ببێت، بەڵام رەتیدەکەنەوە، ناچار ژنەکان بەپێوە دەوەستن وەکو بەربەست و یەکێکیان دەبێت بە مامان تاوەکو ئەو منداڵە لەدایک دەبێت.
 
هەژار ئەو چیرۆکەی لەلایەن دایکییەوە بۆ گێڕدراوەتەوە؛ دەڵێت "ژنەکان زۆر هەوڵدەدەن کە مووسێک یان شتێکیان پێبدەن تاوەکو ناوکم ببڕن، بەڵام پێیان نادەن، بۆیە دەچن دوو بەرد دەهێنن، یەکێکیان دەکەنە ژێر ناوکم و ئەوی دیکەیان دەدەن بەسەریدا و ناوکم دەبڕن، "من بەو شێوازە لەدایکبووم."
 
ئەو ژنانەی لەنێو زیندانەکانی نووگرەسەلمان و دبس بوون و رزگاریان بووە، شایەتحاڵی رووداوە تاڵ و سەختەکانی نێو ئەو زیندانانەن؛ میمکە رێژاو یەکێکە لەو ژنانەی رزگاربووی ئەنفالە و زیاتر لە 10 کەس لە کەسوکارەکەی، ئەنفالکراوی گۆڕ بزرن. 
 
میمکە رێژاو دانیشتووی چەمچەماڵە، دەڵێت: چۆن گەڵای دار دەوەرێت، ئاوا منداڵ لەنێو ئەو زیندانانەدا دەمردن، وەکو ئەو باسی دەکات هەندێک رۆژ نزیکەی 50 منداڵ دەمردن و هیچ کەسێکیش باکی پێ نەبووە. سەربازەکان پێیان گوتوون، "پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، با بمرن."
 
چیرۆکی ناخهەژێنی ژنان لەلای میمکە رێژاوە، باسی ئەو ژنانە دەکات کە لەتاو شەرم و ئازاری منداڵبوون و نەخۆشی و برسیەتی لەبەرچاوی سەربازەکان گیانیان لەدەستداوە. دەڵێت: "دەبێت چ حاڵێک بێت کە ژنێک منداڵی ببێت بەو ئازارەوە و کەس بە فریای نەیێت، هەرچەندە هاوارمان دەکرد سوودی نەبوو، من یەکێک بووم لەوانە؛ لە یەکێک لە هۆڵەکانی زیندان پارچە پەڕۆیەکم بەدەستەوە گرت تاوەکو ژنەکە منداڵەکەی بوو، بەڵام منداڵ وەکو گەڵای دار دەمردن، رۆژ وا هەبوو 50 منداڵ دەمردن." 
 
رووناکییەکانی نێو شەوەزەنگ کتێبێکە ژیان و بەسەرهاتی تاوانی ئەنفال لە زمانی چوار لە منداڵە لەدایکبووەکانی نێو هۆڵەکانی زیندانی دبس دەگێڕێتەوە. 
 
ئیسماعیل هەنارەیی، نووسەرە و لەبارەی چیرۆکەکانی نێو کتێبەکەی دەڵێت: سەرەتا دەگوترا ژمارەی ئەو منداڵانەی لە زیندان لەدایکبوون و لەژیاندا ماون زۆرن، بەڵام دوای بەدواداچوون لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆمان دەرکەوت کە "تەنیا چوار کەسیان لە ژیاندا ماون و خەڵکی شارۆچکەی تەکیەی جەبارین."
 
ئەو منداڵانە یەکێکیان ناوی نەجاتە، دوای لەدایکبوونی بە چەند رۆژێک لە زیندانەکە ئازاد بوون، بۆیە ئەو ناوەیان لێناوە. یەکێکی دیکەیان ناوی غەمبار بووە، دوای ئازادبوونیان ناوەکەی گۆڕیوە بۆ دڵشاد. ئەو منداڵانە بەشێکی زۆریان باوکیان ئەنفالکراوە و لەگەڵ دایکیان رزگاریان بووە، قورسیی بەخێوکردن و گەورەکردنیان کەوتووەتە سەر شانی دایکیان. 
 
باوکی هەژار لە ئەنفالدا بەعس بێسەروشوێنی کرد، پاش 20 ساڵ دایکیشی وەکو تەنیا بەخێوکەریان بە کەوتنەخوارە لە سەربان گیانی سپارد، ئێستا خۆیشی 11 ساڵە بە گرێبەست لە فەرمانگەی ئاوی شۆڕش کار دەکات. ئەو داواکاریی سەرەکیی گەڕاندنەوەی رووفاتی کەسوکاری خۆی و ئەنفالکراوانی دیکەیە؛ لەدوای ئەوەش خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکەیان و دامەزراندنیان وەکو فەرمانبەری هەمیشەیی. 
 
بەتانییەکەی میمکە رێژاو و منداڵەکانی
 
دوای 35 ساڵ، میمکە رێژاو بەتانییەکی هەڵگرتووە کە تاکە کەلوپەلی گەرمکردنەوەی منداڵەکانی بوو لە زیندان، بەو بەتانییە لە زیندان 4 منداڵی بەخێوکردووە، هەم راخەر بووە بۆیان و هەم بەخۆیاندا داوە. ئەو بەتانییە بۆ ماڵەکەی ئەو یادگاریی تاڵترین رۆژەکانی ژیانییەتی لەو تاوانەی کە کەس لەسەری بەهانای کوردەوە نەهات. 
 
"منداڵەکەی پوورم تاوەکو گیانی دەرچوو داوای خەیاری کرد"
 
هەژار غازی چیرۆکێکی ناخهەژێنی منداڵێکی پووری باس دەکات بەناوی پوورە نەبات، دوای ئەوەی خەیارێک بە دەستی سەربازێکەوە دەبینێت، حەزی لە خەیار دەبێت و داوای دەکات، بەڵام دەستیان ناکەوێت و سەربازەکەش پێیان نادات؛ بۆیە دایکی نەعلێکی سەوزی پێدەدات و ئەو منداڵە تاوەکو گیانلەدەستدەدات، نەعلە سەوزەکەی بەدەمەوە دەبێت.