رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانیی دانیشتووی دوو گوندی ناحیەی شیلادزێ کە 11 رۆژبوو بێسەروشوێن بوون، ئەمڕۆ تەرمەکانیان لە ئەشکەوتێک لە چیای شیرین دۆزرایەوە.
رۆژی 03-04-2023، دوو هاونیشتمانی ناحیەی شیلادزێی سەر قەزای ئامێدى بۆ هێنانی گژوگیای بەهارە چوونەتە چیای داودکێ لە سنووری دەڤەری بارزان.
ئەحمەد حەسەن کە تەمەنی 35 ساڵە خەڵکى گوندى سیتە؛ هەروەها عارف عومەر، تەمەنی 40 ساڵە خەڵکى گوندى شاجایە کە هەردوو گوندەکە سەر بە ناحیەی شیلادزێن.
ئەیوب حەجى، موختارى گوندى شاجا و کەسوکاری یەکێک لە هاونیشتمانییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی هەردوو هاونیشتمانییەکە لە چیای شیرین دۆزرانەوە، هەردووکیان بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە کوژراون."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 5:00ی بەیانیی ئەمڕۆ گەڕان بەدوای ئەو دوو هاونیشتمانییە دەستیپێکردووەتەوە، دواجار کاژێر 9:00ی بەیانی لە چیای شیرین دۆزراونەتەوە. ئەیوب حەجى دەڵێت، "بەهۆی بۆردوومانەوە کوژراون."
رزگار عوبەید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێلادزێ هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە. 15 کەس چوون بەمەبەستی هێنانەوەی تەرمەکان." دەشڵێت، بەگوتەی کەسوکاریان، "فڕۆکەی تورکیا بۆردومانی کردوون."
لە چوار ساڵى رابردوودا بەهۆى شەڕى نێوان پەکەکە و تورکیا لە باشوورى کوردستان تەنیا لە سنوورى پارێزگای دهۆک 36 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەشێكیان خەڵکى شیلادزێ و دێرەلووک بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ