عەرەبەکانی کەرکووک بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بانگەوازى دروستکردنى یەک لیستى هاوبەشی لایەنە عەرەبییەکانە لە کەرکووک، کە یەکەمجارە لە دواى ساڵى 2003 عەرەبی سوننە و شیعە پێکەوە لە لیستێکدا کۆببنەوە، ئامانجەکە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکە کە بڕیارە لە 06-11-2023، بکرێت.
لایەنە بەشداربووەکانى ئەو بانگەوازە پێکدێن لە هاوپەیمانیى عەرەبى بە سەرۆکایەتیى راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت، هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتیى محەممەد تائی، هاوپەیمانیى عەزم بە سەرۆکایەتیى ئەحمەد عەرەب، ئەنجوومەنى عەرەبی بە سەرۆکایەتیى حاتەم تائی، دەستەى رای عەرەبی بە سەرۆکایەتیى نازم شمەرى.
لە بانگەوازەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە بانگەوازێک بکەن بۆ دروستکردنی لیستى "خۆجێیی عەرەبی یەکگرتوو" بۆ هەموو عەرەبەکانى کەرکووک بەبێ پەراوێزخستنى هیچ لایەنێک.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی عەرەبی یەکگرتوو لە کەرکووک گوتی، "ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکداین، ئەوەى کە راگەیێندرا گفتوگۆ و بانگەواز بوو بۆ پێکهێنانى پێکهاتەیەکی عەرەبی بۆ ئەوەى رێبەرایەتیى ئەو لیستە بکات، کە بەنیازین پێکى بهێنین؛ چەندین بەربژێر هەن بۆ سەرکردایەتیکردنى لیستەکە، راکان جبوورى یەکێکە لە بەربژێرەکان".
سەرجەم هێزە سیاسییە عەرەبەکانى کەرکووک خواستیان لەسەر ئەوەیە کە بە یەک لیست بەشداریى هەڵبژاردن بکەن. لە ئەنجوومەنى پارێزگاى پێشووى کەرکووک لە کۆى 41 کورسی، لیستى برایەتى کە زۆرینەیان کورد بوون 26 کورسییان بەدەستهێنا، لیستى گردبوونەوەى عەرەبیش پێنج کورسی هەبوو.
لە دواى رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەرى 2017، پۆستى پارێزگار لە پشکی کورد بوو و لێی سەندرایەوە، راکان جبوورى کە لەپێکهاتەى عەرەبە بەوەکالەت ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
ئەو لیستە هاوبەشەى عەرەب مەترسی بۆسەر باڵاترین پۆستى کەرکووک هەیە کە کورد هەوڵى بەدەستهێنانەوەى دەدات.
عیرفان کەرکووکى، جێگرى پێشووى پارێزگاى کەرکووک لە پشکى لیستى برایەتى باس لەوە دەکات، "ئێستا هاتوون بە ناوی لیستێکەوە خۆیان ئامادەکردووە بۆئەوەی جارێکی دیکە پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە کەرکووک بە چڕی دەستپێبکەنەوە. دەیانەوێ بمانگەڕێننەوە بۆ هەمان قۆناخی پێش پڕۆسەی 2003. ئەوە بەڕاستی شتێکی مەترسیدارە، ئەگەر لیستێک نەبێ، هەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە، کەرکووک ئێستا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، ئەویش مەترسیی بەعەرەبکردن و خۆ فەرزکردنە."
یەکەمجارە لەدواى 18 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا لە کەرکووک بکرێت، کە بە سیستمى سانت لیگۆ بۆ کۆکردنەوەى دەنگەکان دەبێت، بە گوێرەی ئەو سیستمە، چانسی بردنەوەی زۆرترین کورسى بۆ ئەو لیستەیە زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت.