مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالدا: داوا لە عێراق دەکەین زيانلێکەوتووان قەرەبوو بکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات "ئەرک، بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و زيانلێکەوتووان، بنەماڵە و کەسوکاری ستەملێکراوی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکاتەوە و هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، بتوانێت خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکات." 
 
رۆژی 14-4-2023، 35 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت کە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی بەعس لە عێراق بۆ قڕکردنی کورد، ئەو هەڵمەتە کە بەھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک ئەنجامدرا؛ لە 22ـی شوباتی 1988ەوە دەستپێدەکات تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو، قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانیی هەبوو گەورەترین کۆمەڵکوژییە بە بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لە ساڵیادی ئەنفالدا دەڵێت: "ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانییانی شاڵاوە بەدناوەکانی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە یەكێک بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان." 
 
35 ساڵ لەمەوبەر، وەک مەسرور بارزانی دەڵێت، "رژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناخێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی راپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تائێستاش بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە."
 
مەسرور بارزانی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی "بە شێوەیەکی باشتر، بتوانێت خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکات." 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 
 
ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە خەم و کۆڤانەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوە بەدناوەکانی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە یەكێك بوو لە دڕندانەترین شێوازی جینۆساید دژی گەلی كورد و كوردستانیان، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیا، بە هەزاران خەڵكی سیڤل و بێتاوانی گوند و ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی ڕاپێچ كرد و لە بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زیندەبەچاڵی كردن و بەشێكی زۆریان تا ئێستاش بێسەر و شوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
 
تاوانی ئەنفال، جینۆسایدێكی دڕندانە بوو نەک تەنیا دژی گەلی کوردستان، بەڵکوو دژی هەموو بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان بوو، کە بە داخەوە لێكەوتە و دەرهاویشتە هەمەلایەنەکانی ئەم تاوانە هۆڤانەیە ، هەر ماون و برینەکان تا ئێستاش ساڕێژ نەبوون.
 
لەم یادە خەمگینەدا، کە بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و زيانلێکەوتووان و بنەماڵە و کەسوکاری ستەملێکراوی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکاتەوە و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، بتوانێت خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکات. 
 
لە یادی پڕخەمی شاڵاوەكانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادمانن.
 
مەسرور بارزانی 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان