مێرمنداڵێک لە بەردەڕەش لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە دوێنێ پێنجشەممەوە مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لە بەردەڕەش لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە. باوکی مێرمنداڵەکە بە رووداوی گوت، ھێچ کێشەیەکی تەندروستی نەبووە و ھۆکاری چوونەدەرەوەشی لە ماڵ نازانن.
 
بەشیر رەشید مستەفا، باوکی بەشار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کوڕەکەی کاژێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 13-04-2023، لەماڵ چووەتە دەرەوە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە و دەشڵێت: ھیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە و لە ماڵەوەش کێشەی نەبووە.
 
بەشار پۆلی حەوتی بنەڕەتییە و باوکی دەڵێت، بە شەرواڵێک و تیشێرتێک لە ماڵ چووەتە دەرەوە، لە کامێرای بانکی بەردەڕەشیش دەرکەوتووە، بەڵام لەوێ بەدواوە دیارنامێنێت.
 
ھێزە ئەمنییەکانی بەردەڕەش لە رووداوەکە ئاگادارکراونەتەوە. باوکی ئەو مێرمنداڵە باس لەوە دەکات، کوڕەکەی پێشتر بەھیچ شێوەیەک باسی چوونەدەرەوەی لەماڵ نەکردووە و بۆئەوانیش جێگەی پرسیارە کە چۆن و بۆچی چووەتە دەرەوە، ھێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام ھێشتا ھیچ سۆراخێکی نییە.
 
ئەو خێزانە دانیشتووی گەڕەکی رووناکین لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش. بەشیر مستەفا رەشید داوادەکات ھەرکەسێک ھەواڵێکی کوڕەکەی دەزانێت ئەوان یان ھێزە ئەمنییەکان ئاگاداربکەنەوە.