رووداو دیجیتاڵ
لە 34ـەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، نابێت چی دیکە بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، فەرامۆش بکرێت. دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتری کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان بکات.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، "ئەگەرچی بەشێک لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە و ئەو سیاسەتە نەژادپەرستانەیە، بە سزای خۆیان گەیشتن و لەناوچوون، بەڵام پێویستە هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ زیاتر ناساندنی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال و شەرمەزارکردنی ئەنجامدەرەکانی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە چ دژ بە گەلی کوردستان یان هەر گەلێکی دیکە لە جیهاندا."
کۆمەڵکوژیی ئەنفالی کورد لە رێگەی هەشت قۆناخ جێبەجێکرا، قۆناخی یەکەمی لە دۆڵی جافایەتی، لە 23ـی شوباتی 1988دەستی پێکرد، دوایین قۆناخیش لە بادینان لە 25ی ئابی 1988جێبەجێکرا، لە میانی پرۆسەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوند وێران کران و نزیکەی 182 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستدا. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "نابێت چیتر ئەم کۆمەڵکوژی و وێرانکارییە لە کوردستان، لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر بیانوویەک بێت دووبارە ببێتەوە."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق، بەپێی دەستوور، ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و هەروەها قوربانییان و زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی ئەنفال و هەموو تاوانەکانی جەنگ و ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کراون، جێبەجێ بکات.
بەهۆی ئەو تاوانانەوە، خەڵک و خاکی کوردستان رووبەڕووی سیاسەتی قڕکردن و تاڵانکاری و وێرانکردن و خاپوورکردن بوونەوە، "بۆیە نابێت چیتر بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق، فەرامۆش بکرێت."
لە کۆتایی پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دەزانێت و هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتريان بکات و بەپێی توانا، برینەکانیان ساڕێژ بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ