بەڕێوەبەری ئەنفالکراوانی سلێمانی: تەنیا دەتوانین مووچە بدەینە کەسوکاری ئەنفالکراوان
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و کۆرۆنا هەموو هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشتر بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشکەش دەکران رابگیرێن و ئێستا جگە لە پێدانی مووچە هیچی دیکەیان بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان پێناکرێت.
ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ هەموو داواکارییەکانی خێزانی شەهیدانداین. شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و کۆرۆنا هەموو هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشتر بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشکەش دەکران رابگیرێن. لەم ساتەدا جگە لە پێدانی مووچە هیچی دیکەمان بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان پێناکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، سێ لایەن هەن کە دەبێت زۆر بە جیددی کاریان لەسەر بکرێت کە ئەوانیش بریتین لە: هێنانەوەی ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوان کە دەبێتە دڵنەوایی کەسوکاریان و ناسینەوەی ئێسکوپروسکەکان بە پشکنینی دی ئێن ئەی، ناساندنی ئەنفال وەک جینۆساید بە ناوەندە جیهانییەکان و، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی ئەگەر حکومەتی عێراق لە دادگەی نێودەوڵەتیی باڵای تاوانەکان ئەندام بووایە دەیانتوانی پرسی ئەنفال بە ئاقارێکی دیکەدا ببەن و لە ناوەندەکانی دەرەوەدا کاری لەسەر بکەن.
ئەدیب لەتیف ئەوەشی گوت کە "ئەو کەیسانەی ئەنفال کە لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بە جینۆساید بڕیاریان لەسەر دراوە بەهێزترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکەین بۆ دادگەی نێودەوڵەتی تاوەکو ئەنفال وەک جینۆسایدی گەلی کورد بناسێنرێت."
ئەمڕۆ لە 34 ساڵەی یادی ئەنفال لە چەمچەماڵ گرژی دروستبوو و بەشێک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە خۆپێشاندانیان کرد باسیان لەوە کرد، کە کێشەی نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوزارییان هەیە. ئەوان نەیانهێشت عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتار بدات.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی رووداو میوان بوو، گوتی، داواکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان، پەیوەندیدار نەبوو بە وەزارەتەکەمانەوە و پەیوەندیی بە کێشەی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە هەبوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئەم ساتە حکومەتی عێراقی کاری لەسەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان نەکردووە. پێویستە ئەو کوردانەی وەک پەرلەمانتار و وەزیر دەچنە بەغدا زۆر بە جیددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن.
گوتیشی: "ئێمە لە کابینەی پێشوودا بە فەرمی داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوانمان پێشکەش بە حکومەتی عێراقی کردووە. پێویستیشە حکومەتی عێراق داوای لێبووردن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات."
تاوەکو ئێستا سەرجەم ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا دەرنەهێنراونەتەوە کە ئەوەیش ناڕەزایەتیی کەسوکاریانی لێکەوتووەتەوە.
ئەدیب لەتیف گوتی، "ئێسکوپروسکی ئەنفالکراوان لە هەندێک ناوچەی ناوەڕاست و باشووری عێراقدان کە ئێستا تۆپۆگرافیای ناوچەکان گۆڕاون، شایەتحاڵەکان نەماون و پێشتر تیرۆریستانیان تێدا بووە، بۆیە هێنانەوەیان دواکەوتووە. ئێستا لیژنەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ وەزارەتی دادپزیشکیی عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی کار لەسەر دەستنیشانکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکرێت."
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە باسی لەوە کرد کە لە مۆنیۆمێنتی چەمچەماڵ ئێسکوپروسکی 820 ئەنفالکراو هەیە کە 106ـیان منداڵن و ئەوەی دیکەیان گەورەن. هەموویان ژمارەیان لێدراوە، بەڵام بە داخەوە نموونەی پشکنینی دی ئێن ئەی وەرنەگیراوە کە پێویستە لەمەودوا حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە بکات.