تۆڕی میدیایی رووداو دوو بەڵگەفیلم لەسەر ئەنفال بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیێنێت کە دوو بەڵگەفیلمی نوێ بۆ 34ەمین ساڵیادی ئەنفال بە چەند زمانێک بڵاودەکاتەوە. هەردوو بەڵگەفیلمەکە لەلایەن تیمەکانی بەرهەمهێنانی رووداو لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنراون و لەو هەفتەیەی یادی ئەنفالدا لە تەلەڤزیۆنی رووداو و رووداو دیجیتاڵ بڵاودەکرێنەوە. 
 
گەڕانەوە بۆ سەرمۆرد
 
هەڵکەوتەی جوگرافیی گوندی سەرمۆرد بە جۆرێکە هەرکەس بیبینێت وادەزانێت گوندنشینانی سەرمۆرد هەتاهەتایە لە باوەشی ئەو شاخانەدا بە ئارامی ژیان بەسەردەبەن، بەڵام لە کوردستانی ژێر دەستی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەتایبەتیش ساڵانی ژێر دەسەڵاتی بەعس، بەردەوام ئەم پەناگە سرووشتییە کراوەتە ئامانجی تۆپباران و هێرشە سەربازییەکان. 
لە بەهاری 1988دا لەکاتی شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەیەکجاری گوندەکە چۆڵ و خاپوور دەکرێت و دانیشتووانەکەشی بەرەو سەربازگە و زیندانەکانی خوارووی عێراق دەبردرێن. لەم بەڵگەفیلمەدا چیرۆکی ئەوانە دەبینین لەو مەرگەساتانە رزگاربوون. لە لایەک بارکراو بە داخ و ئازاری ئەوانەی لەدەستیاندان و هەرگیز نەیانبینینەوە، لە لایەکی دیکەش بە هیوای سەرلەنوێ بووژاندنەوەی ماڵ و کێڵگەکانیان و گەڕانەوە بۆ گوندەکەی خۆیان.
 
کرمانج فەرەج دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، هەمیشە بەرکەوتنی راستیی ئەوەی روویداوە لە زمانی شایەتحاڵی زیندوو، گرنگییەکی مێژوویی هەیە. ئەوانەی بە چاوی خۆیان مەرگەساتەکانیان دیوە و لەم بەڵگەفیلمەدا دەیگەیێنن بە بینەر، بەشێکی مێژووی جینۆسایدی گەلی کورد دەخەنە بەرچاوی هەرکەس بەڵگەفیلمەکە ببینێت.
 
ئەو دەرهێنەرە ئەوەش دەڵێت، زۆر مەبەستمانە هێندەی دەتوانین بە ئەرکی خۆمان هەستین لە پاراستنی ئەو راستیانە لە فەوتان و لەبیرچوونەوە، چونکە لە خودی جینۆساید ترسناکتر، لە بیرکردنیەتی. ئەم بەڵگەفیلمەی ئێمە شان بەشان زۆر بەرهەمی دیکە شەڕکردنە لە گەڵ فەرامۆشی و لەبیرچوونەوە. گەلی کورد بە گشتی دەیان جار کراوەتە ئامانجی جینۆساید، دەبێت لە خۆمان بپرسین بۆچی ئەو مەرگەساتانە جار لەدوای جار بەسەر گەلەکەماندا دێنەوە؟ لە یادکردن یان بەکەم تاماشاکردنی ئەم چیرۆکانە، هاندەرێکی بێدەنگە بۆ چەندبارەبوونەوەیان لە داهاتووشدا.
 
تەنافی رەش
 
سێ ژن، لە ناوچەکانی گەرمیان و بارزان و هەڵەبجە، سێ نموونەی ئاسەوارەکانی کۆمەڵکوژیین لەنێو خێزانی کۆمەڵگەی کوردستانی دا. چیرۆکەکان، ئازارەکان، لێکەوتە و ناهەموارییەکانی ژیانیان، لەیەک دەچن. سێ ژن، لەم بەڵگە فیلمەدا پێتدەڵێن ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەرۆکی کۆمەڵگەی کوردستانییان گرتووە، چەندە باری ژیانی قورستر و سەختتر کردووە، چونکە ئەوان جگە لەوەی لەکاتی رووداوەکاندا وەک قوربانییەکان ئێش و ناسۆری کۆمەڵکوژییەکانیان چێشتووە، دواتر و بەدرێژایی تەمەنیان وەک قوربانی ماونەتەوە و دەبێت لەگەڵ ئاسەوارەکانی ئەنفال و کیمیاباران بژین. بەوپێیەی دەبێت جێگای باوکە ئەنفالکراوەکانیش بگرنەوە.
 
ئەم بەڵگەفیلمە باس لە ساڵانی دوای پرۆسەی کۆمەڵکوژکردن دەکات. ئەو منداڵانەی دەبوو لە ژیان جێنەمێنن و بخوێنن و پێبگەیێندرێن، بەڵام بەبێ باوک. سێ ژن، لە گەرمیان و بارزان و هەڵەبجە، دەڵێن، ئەو گرەوەیان لە ساڵانی سەخت و تاقەتپڕووکێن بردەوە و منداڵەکانیان گەیاندە بڕوانامە و ماڵ و خێزانی خۆیان.
   
نەوزاد مەحموود، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، "زۆر قسە لەبارەی رووداوەکانی کۆمەڵکوژکردن و ساتەوەختی روودانیان کراوە، بەڵام ئەوەی بە کەمی قسەی لەسەر کراوە، لێکەوتە درێژخایەنەکانی ئەو رووداوانەیە لەسەر کۆمەڵگە و قوربانییەکان بەگشتی و ژنان بە تایبەتی. ئەو ژنانەی کە هەر یەکێکیان پاڵەوانێکی گرەوبەزێنی رۆژگارە سەختەکان بوون. تەنافەکانی خۆیان هەر بە رەشی مایەوە، بەڵام داهاتووی منداڵەکانیان گەشکردەوە."
 
لەبارەی ئەو ژنانەی لە بەڵگەفیلمەکەدا قسە دەکەن، نەوزاد مەحموود گوتی، "لە نێو ژنانی قوربانیدەردا چیرۆکی سەرنجراکێش و بونیادنەر زۆرن. هەر یەکێک لەو چیرۆکانە، بە توونێلی ساڵانێکی پڕ لە ئێش و ئازاردا، تێپەڕیون."