وەزارەتی ناوخۆ چۆنێتی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر ئاشکرادەکات

14-04-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە".

پێشتر وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە "دەنگی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولیر بیسترا".

پێشتر دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کراوە.

سەرچاوەیەکیش لە ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بیستراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد تەقینەوەکە بەهۆی کاتیۆشایەکەوە بووە کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمریکا کراوە و تاوەکو ئێستا زیانەکانی دیار نییە.

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەنگی تەقینەوەکە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بیستراوە، لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەو شوێنەی مووشەکەکەی لێوە ئاراستە کراوە دەستیپێکردووە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیانی گیانی نەکەوتووەتەوە".

پارێزگاری هەولێر هێرشەکەی بە "رووداوێکی ترسنۆکانەی تیرۆریستی" ناوبرد و دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا زانیاریی زیاتر لەسەر رووداوەکە بڵاودەکەنەوە. رووداوەکە لە دەوروبەری کاژێر 09:50 خولەک بووە و سەبارەت بە راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش گوتی، گەشتەکان بەردەوام و ئاسایین.
 
لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکاش بەهۆی هێرشەکەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە (ئاژیر) لێدراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە