دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان: مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کرا


رووداو دیجیتاڵ

دەنگێکی بەرز لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بیسترا و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر کرا".

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بیستراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد تەقینەوەکە بەهۆی کاتیۆشایەکەوە بووە کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمریکا کراوە و تاوەکو ئێستا زیانەکانی دیار نییە.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەرکەوت هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە. لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوێنی هاتنی درۆنەکە".

 

 
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەنگی تەقینەوەکە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بیستراوە، لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەو شوێنەی مووشەکەکەی لێوە ئاراستە کراوە دەستیپێکردووە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیانی گیانی نەکەوتووەتەوە".
 
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی بە خەڵکی هەولێر دەدەن کە شار ئارامە، لەبارەی ئەو بازگانەش کە لەنێو شارەکە دانراون دەڵێت، هیچ پەیوەندیی بەو رووداوەی ئەمشەو نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەیە کە بە هێزەکان سپێردراون بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

 
ئومێد خۆشناو هێرشەکەی بە "رووداوێکی ترسنۆکانەی تیرۆریستی" ناوبرد و دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا زانیاریی زیاتر لەسەر رووداوەکە بڵاودەکەنەوە. رووداوەکە لە دەوروبەری کاژێر 09:50 خولەک بووە و سەبارەت بە راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش گوتی، گەشتەکان بەردەوام و ئاسایین.
 
لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکاش بەهۆی هێرشەکەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە (ئاژیر) لێدراوە.

 

 
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لەبارەی ئەوەی کێ لەپشت هێرشەکەی سەر هەولێر بووە، بەدواداچوونێکی کردووە و ئاماژەی بەوە کرد، گرووپێک بەناوی "سابرین" چەند خولەکێک بەر لە هێرشەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە "سوپرایز" و ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێرش دەکەنە سەر "دووژمنەکانمان لە هەر شوێنێکی جیهان بن" و دروشمی "اللە اکبر، یا ابالفضل"یان بەکارهێناوە، دواتریش نووسیویانە، دەنگی تەقینەوەیەک لە هەولێر هاتووە.
 
 
بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لەلایەن بەشێک لە هاونیشتمانیانەوە بۆ رووداو نێردراون، دەردەکەوێت کە بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە شوێنێکی نێو فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتووەتەوە.
 
 
ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دوو مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا و حەشدی وەتەنی لە زیلکان کراون. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێر، لەو هێرشەدا کچێکی عەرەب بەناوی فائیزە مەحموود کە خەڵکی گوندی گوداد سەر بە ناحیەی زیلکان و تەمەنی 12 ساڵە، برینداربووە.
 
سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوار مووشەک ئاراستەی سەربازگەیەکی تورکیا لە سنووری زیلان کراون.
 
 
پەیامنێری رووداو لە دهۆک ئەوەی خستەڕوو، کاژێر 09:10 خولەک چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک کراون، تاوەکو ئێستاش نازانرێت زیانە گیانی و ماددیەکان چەندن و ئەوەی روونە ئەوەیە کە ئەو کچە برینداربووە و سێ کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە لەڕووی دەروونییەوە دۆخیان تێکچووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیکەوتوون لە موسڵەوە مووشەکەکان ئاراستە کراون.
 
هەر سەبارەت بە هێرشەکەی سەر سەربازگەی زلیکان کە هێزەکانی تورکیای تێدا جێگیرکراوە، دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەربازگەکە "درایە بەر مووشەک و کەسێکی سڤیل بریندار بووە".