193 حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان تۆمار دەكرێ

رووداو- سلێمانی

ئەحمەد رەسوڵ، تەمەن 30 ساڵ، پیاوێكی باڵا مامناوەندی ئەسمەرە و كارگوزاری فەرمانگەیەكی سلێمانییە. ماوەی 3 ساڵە لەگەڵ خزمێكی خۆی خێزانی پێكەوەناوە ‌و خاوەنی دوو كوڕن، بەڵام ئەو توندوتیژیانەی ژنەكەی بەرامبەری دەكات، تەواو بێزاری كردووە و پەنای بۆ رێكخراوێكی پیاوان بردووە تاوەكو داكۆكی لێ بكەن.


ئەحمەد لە چایخانەیەكدا بەسەرهاتی خۆی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و ئاماژەی بۆ ئەو توندوتیژیانە كرد كە ژنەكەی بەرامبەری دەیكات و گوتی "گرفتەكانمان بچووكن، بەڵام ژنەكەم بەردەوام گەورەیان دەكات، بۆ نموونە من بەیانیان لە دەوامم، دوای نیوەڕۆش دەڕۆم بۆ ئیشكردن، شەوانیش كە دەگەڕێمەوە زۆر ماندووم، كەچی ژنەكەم دەڵێت منداڵەكانم لەگەڵ بەخێوبكە".

ئەحمەد یەكێكە لەو پیاوانەی لەلای یەكێتی پیاوانی كوردستان سكاڵای كردووە، لەو توندوتیژییانەی لەلایەن هاوسەر ‌و كەسوكاری هاوسەرەكەی بەرامبەری دەكرێ. ئەحمەد دەڵێت "ژنەكەم جنێوم پێدەدات و تەنانەت هەوڵی داوە لێمبدات. جارێك برایەكیشی هەڕەشەی كوشتنی لێكردم".

توندوتیژی دژی پیاوان زیادی كردووە

بەپێی ئامارەكانی یەكێتی پیاوانی كوردستان كە دراونەتە (رووداو)، لە سێ‌ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 169 پیاو سكاڵایان لەسەر ژنەكانیان تۆمار كردووە لەلای ئەو رێكخراوە، بەڵام لە سێ‌ مانگی یەكەمی ئەمساڵ، ژمارەی سكاڵاكان زیادی كردووە بۆ 193 سكاڵا.
سەبارەت بە رووداوەكانی خۆكوشتنی پیاوانیش، بەپێی ئاماری ئەم رێكخراوە، لە سێ‌ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوودا 14 پیاو خۆیان كوشتبوو، بەڵام ئەمساڵ لەماوەی سێ‌ مانگی رابردوودا 13 پیاو خۆیان كوشتووە.

لەلای ئەم رێكخراوە جگە لە لێدان و جنێودان و شەڕی دەروونی، خیانەتی هاوسەری و دەركردنیش لە ماڵ، بە توندوتیژی هەژمار كراون.
بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان، پێیوایە قەیرانی دارایی كاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی توندوتیژیی ژنان بەرامبەر پیاوان "لەكۆمەڵگەی كوردیدا پیاوان ئەركی بەخێوكردنی خێزانیان لەئەستۆیە، بۆیە زۆربەی گرفتەكان رووبەڕووی ئەوان دەبێتەوە".

مانگی رابردوو بە شوومترین مانگ لەلای رێكخراوی پیاوانی كوردستان تۆماركراوە، چونكە 9 پیاو لەو مانگەدا خۆیان كوشتووە.
سكرتێری یەكێتی پیاوان ئاشكرای كرد كە رۆژانە لەلایەن پیاوانەوە پەیوەندییان پێوە دەكرێ ‌و دەڵێن كە خۆیان دەكوژن. بورهان دەڵێت "ئەوە لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە".

بەرپرسانی پۆلیسی سلێمانی دەڵێن زانیارییان هەیە كە هەندێك پیاو بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ماڵ دەرچوون. نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت "بەشێك لەو توندوتیژییانە بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە كە ژن یان منداڵ فشاریان خستووەتە سەر پیاوەكە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ماڵ جێبهێڵێت".

هەندێك لە پیاوان هەر بە رێكخراوی پیاوانی كوردستان نەوەستاون، بەڵكو لەلای پۆلیسیش سكاڵایان تۆمار كردووە. نەقیب سەركەوت گوتی "هەندێك پیاو لەلای ئێمە سكاڵایان تۆمار كردووە كە لەلایەن خێزانەكانیانەوە دەركراون".

شۆخان حەمەڕەشید، پارێزەر ‌و بەڕێوەبەری رێكخراوی هاریكاریی یاسایی ژنان، دانی بەوەدا نا كە توندوتیژی بەرامبەر پیاوان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەو بۆچوونانەدا نییە كە پیاوانیش بەهەمانشێوەی ژنان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە‌و دەڵێ "راستە پیاوانیش كێشەی خێزانییان هەیە، بەڵام ئەگەر توندوتیژیشیان بەرامبەر بكرێ دەروونی یان خێزانییە". گوتیشی "ئاگادارم كە لە دادگا رۆژانە چەند ژنان سكاڵا تۆمار دەكەن، پیاوانیش تۆماری دەكەن، ئێمە چەندێك لەگەڵ ژنان دادەنیشین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان، ئەوەندەش لەگەڵ پیاوان دادەنیشین".

بەڵام بورهان عەلی رەخنەی لە رێخراوەكانی ژنان گرت و گوتی "ئەوان تەنیا كار لەسەر مافەكانی ژنان دەكەن، كار لەسەر ئەركەكانی ژن ناكەن. ژنانیش دەبێت لەوە تێبگەن كە پێویستە یارمەتی مێردەكانیان بدەن".

شۆخانیش رەخنەی لە یەكێتی پیاوان هەیە و دەڵێت تاوەكو ئێستا دەستپێشخەرییەكی ئەوتۆیان نەكردووە بۆ چارەسەری كەیسەكانی توندوتیژی، یاخود هیچ پیاوێك سەردانی نەكردوون كە بڵێ لە یەكێتی پیاوان سكاڵام تۆماركردووە ‌و گوتی "ئەگەر یەكێتی پیاوان داوای هاوكاریمان لێبكەن، ئێمە كێشەمان نییە".

زۆرجار وا باوە كە پیاوان بەشێوەی لێدان توندوتیژی بەرامبەر خێزانەكانیان دەكەن ‌و ئەوەش بەئاشكرا بەژنەكەوە دەردەكەوێ، بەڵام بەگوتەی چۆمان ئەحمەد كە توێژەری كۆمەڵایەتییە، ژنان زۆرتر بە جێنودان و سووكایەتی پێكردن توندوتیژی بەرامبەر پیاوان دەكەن، كە لەو كاتەشدا پیاوەكە ناتوانێت سكاڵا تۆمار بكات، چونكە هیچ بەڵگەیەكی لەبەردەست نییە.