زەویەكەی خۆیان بۆ كرد بە گۆڕی بەكۆمەڵ

رووداو- دهۆك

زۆر حەزی دەكرد بڕواتە ئەودیو تەلبەندەكەوە و دروست لەو شوێنە چیرۆكەكە بگێڕێتەوە كە 27 ساڵ لەمەوبەر روویدا، بەڵام هێشتا ئازاری شوێنەواری ئەو دوو گوللەیەی سەربازەكە بە قاچییەوەی نا، رێگەی پێنادات. ئەبابەكر دەڵێت رەنگە خودا ئەوی بۆ ئەوە هێشتبێتەوە تاوەكو منداڵانی گوندی كوریمێ‌ و نەوەكانی داهاتووی تێبگەن لەوەی سەربازەكانی سەددام حوسێن چی بەسەرهێناون.

گوندەكە سەوز و جوانە، هەموو شتێك وەك خۆی ماوەتەوە جگە لەو دوو چاڵەی كە دەبوو ئێستا ئەبابەكر تەنیا چەند ئێسك و پروسكێك بووایە لە ناویدا. چاڵەكان بە تێپەڕینی ساڵ پڕبوونەتەوە و بوون بە ژێر گژوگیا و گوڵە بەهارییەكانەوە. ئێستا ئەبابەكر عەلی سەعید، لە ناحیەی (مانگیش) دەژی نەك كوریمێ‌، بەڵام ئەستەمە بتوانێ‌ خۆی لەو یادەوەرییە خوێناوییانە داببڕێ‌ كە تاوەكو مردن كاریگەرییان بەسەرییەوە دەبێ‌.

قۆناغی حەوتەمی ئەنفال هێشتا تەواو نەبووبوو، خەڵكی گوندی كوریمێ‌ لە دەڤەری بادینان هەستیان بەوە كردبوو كە سوپای عێراق بەرەو گوندەكەیان دێت. رۆژی 26/8/1988 پیاوانی ئاواییەكە كۆبوونەوە و نزیكەی 8 كاژێر لەنێوخۆیاندا مشاوەرەی ئەوەیان كرد كە چی بكەن.

دواجار بڕیار دەدەن ئاواییەكە بەرەو ئەشكەوت و بەرزایی چیاكانی دەوری گوندەكە جێبهێڵن "دیمەنەكە لە رۆژی حەشر دەچوو، دەنگی گریان و قریشكەی ژن و منداڵ، برسێتی و تینوێتی و نەخۆشكەوتن، كەس نەیدەزانی چی روودەدات، چونكە هەزاران سەرباز و جاش هاتبوونە دەوروبەری گوندەكە و چاوەڕوانی خۆبەدەستەوەدانی خەڵك بوون".

فەیلەقی 5ی سوپای عێراق كە بارەگاكەی لە هەولێر بوو، ئەركی پرۆسەی ئەنفالی بادینانی پێ سپێردرابوو، ماوەی دوو رۆژ خەڵكی گوندی كوریمێ‌ و چەلكێی سەر بە ناحیەی مانگیش لە سنووری پارێزگای دهۆك خۆیان لە سوپا دوورخستەوە "بەڵام هەندێك لە پیاوانی ئاواییەكە چوونە خوارەوە بۆ لای نوێنەرێكی سوپاكە و گفتوگۆیان لەگەڵ كردن بۆ ئەوەی نەمانكوژن، ئەفسەرێك بە پیاوەكانی گوت بەڵێنی شەرەف بێت هیچتان لێناكەین، سەرۆك لێبووردنی دەركردووە".

ئەبابەكر، هێشتا پێكەنینی بە "بەڵێنی شەرەف" دێ، بەڵێنێك پیاوەكانی سەدام حوسێن بیدەن "خەڵك بە ئاڵای سپییەوە هاتنە خوارەوە، ئینجا سەربازەكان كە جاشیان لەگەڵ بوو، خەڵكەكەیان جیاكردنەوە، ژن و منداڵان لەولاوە و گەنج و هەرزەكاران لەولاوە، لەنێو ئەوانەدا 33 كەسیان هەڵبژاردن كە تەمەنیان لە 15 ساڵەوە بۆ 50 ساڵ بوو،

ئەوانەیان دایە پێشی خۆیان".

ژن و منداڵەكان رەوانەی مانگیش و نزاركێ‌ كران، ئەو 33 كەسەش كە ئەبابەكر یەكێك بووە لەوان، نازانن بۆ كوێیان دەبەن و چییان لێدەكەن. گفتوگۆی نێوان دەستبەسەركراوەكان و سەربازەكان لەو ماوە كورتەدا كە بەرەو خوار ئاواییەكەیان بردوون، لە بارەی چارنووسیانەوە بووە "پرسیمان چیمان لێدەكەن؟" بەڵام وەڵامی ئەوان هەمیشە پێداگیری بوو لەسەر ئەوەی هیچ روونادات "تەنانەت جگەرەشیان پێداین".

 براونەتە شوێنێك كە ئێستا هەمووی دارچوالەیە و درەختەكان چوالەیان گرتووە و من و ئەبابەكر لەوێ‌ وەستاوین. ئەوە هەر باخی ئەبابەكر خۆیەتی، لەوێ‌ دەمباتە شوێنێك كە رۆژێ لە رۆژان چاڵی مردن بووە "لێرە ریزیان كردین، چاوەڕێمان دەكرد و سەربازەكانیش دەوریان دابووین و لە خوارەوەش جاشەكان وەستابوون".

لەناكاو دەنگێك هاوار دەكات "گوللەبارانیان بكەن". ئیدی دەیاندەنە بەر دەستڕێژی گوللە. هەموو دەستگیركراوەكان بەسەریەكدا كەوتن، بەڵام ئەبابەكر و 5 كەسی دیكە نەمردبوون. ئەبابەكر دەڵێ‌ "من وامدەزانی قیامەتە، هەستام و رامكرد، 100 مەتر لەولاترەوە دوو گوللە بەرقاچم كەوتن، لەو شوێنەدا بە برینداری مامەوە، دوایی كەریم و عەبدولقەهارم بینی كە ئەوانیش نەمردبوون، بەمنیان گوت هەستە با رابكەین، بەڵام من نەمتوانی".

بەپێچەوانەی ئەنفالی گەرمیانییەكان و هەڵەبجەوە كە هەموویان برانە بیابان، ئەوە یەكەمجار بوو خەڵك لە نێو ئاواییەكانی خۆیان دەستبەجێ‌ گوللەباران بكرێن. كوریمێ‌ ئەوكات 150 ماڵی تێدا بووە و ئەبابەكریش ئەوكات تەمەنی 34 ساڵ بووە. شەوێكی تەواو بە برینی قاچییەوە لەو شوێنەدا ماوەتەوە و هەر تەماشای گوللەبارانكراوەكانی كردووە "كە رۆژ بووەوە هەندێك جاش هاتن و بردمیان، منیان بەبرینداری گەیاندە مانگیش و لەوێ‌ لە نەخۆشخانەكە برینەكەمیان پێچا، دوایی رادەستی سوپایان كردمەوە، دەبینم هەمان ئەو ئەفسەرەیە كە دوێنی فەرمانی گوللەبارانكردنی بۆ دەركردین".

ئەی تەرمەكان؟ ئایا سەربازەكان دوای گوللەبارانكردن جێیانهێشتن؟ ئەبابەكر، ورد و درشتی رووداوەكانی بیرماوە، چونكە ئەو بەبرینداری چاوی لە هەموو دیمەنەكان بووە "هەندێك لەوان هێشتا دەجوڵان، ئەفسەرەكە فەرمانی بە سەربازێك كرد بڕوات گوللە لەوانە بدات كە دەجوڵێن، پێش گوللەبارانكردنیش گوێم لە یەكێك لە ئەفسەرەكان بوو بە ئامێری بێتەل قسەی لەگەڵ بەرپرسەكەی دەكرد و دەیگوت هەموویان دەكوژین".

ئەفسەرەكە بە پۆستاڵەكانی هەندێك كێشاویەتی بەسەری ئەبابەكردا، دواتر فەرمانی دەركردووە بگوازرێتەوە بۆ زیندان. ماوەی 15 رۆژ لە زیندان ماوەتەوە و دواتر بە لێبووردنێكی گشتی ئازاد كراوە.

"دوای دۆزینەوەی من لەلایەن جاشەكانەوە، سەربازەكان چوون و دەستیان كرد بە ژماردنی تەرمەكان، دوای ئەوەی تەرمەكانیان ژمارد، كەوتبوونە خۆیان و بەشوێنی مندا دەستیان بە تەقە كرد و زانییان كە 5 كەسی دیكەش نەمردوون".

ئەبابەكر، دڵنیایە لەوەی سەربوردەی ئەو هیچی كەمتر نییە لەو چیرۆكانەی نووسەرە بەنێوبانگەكانی دونیا شاكاری پێ دروستدەكەن، بۆ ئەوە دەشێ‌ منداڵان پشتاوپشت چاڵەكانی مردن بۆ یەكدی بگێڕنەوە "هەرجارێك بیر لەوە دەكەمەوە، هێندەی دیكە كوریمێ خۆشەویستتر دەبێت لەلام، دەزانم بۆیە ئەوان هاتن و ویستیان ئەو ئاواییە وێران بكەن و خەڵكەكەی بكوژن، چونكە پێشمەرگە زۆر لێرە دەمانەوە و خزمەت دەكران".

لەبارەی عەبدولقەهار و كەریم و هاشم و ئەوانەی دیكە كە رزگاریان بوو، ئەبابەكر دەڵێ‌ دواتر یەكدیمان بینیوەتەوە و كۆتایی چیرۆكەكانمان گێڕاوەتەوە "ئەوان ماوەیەكی زۆر لەنێو دەوروبەری ئاواییەكە و ئەشكەوتێك خۆیان حەشاردابوو، تاوەكو 3 هەفتە دواتریش سەربازەكان بە دوایانەوەبوون، بەڵام لە كۆتاییدا توانییان هەڵبێن و خۆیان دەرباز كرد".