ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژرانی جێگری خەلیفەی داعش روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی عێراق کوژرانی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە (ئەبوو خەدیجە) راگەیاند. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ ئاماژەی بە "رۆڵی سەرەکی"ـی ئەوان نەداوە و ئەوەش "ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگەکانی هەرێم[ی کوردستان] و فیدراڵ."
رۆژی هەینی، 14ـی ئادار، بە گوێرەی راگەیێندراوێک کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، "تیرۆریست عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رەفیعی، ناسراو بە ئەبوو خەدیجە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بە هاوئاهەنگیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا."
لەدوای گوتەکانی سوودانی، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رەخنە لە گوتەکانی سوودانی دەگرن و دەڵێن: "ئاماژەیان بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەکردووە." لە کوشتنی ئەو سەرکردەیەی داعش دا.
بە گوێرەی روونکردنەوەکە: "دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی." ئەو سەرکردەیەی داعش کوژراوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش باس نەکردنی رۆڵی ئەوان لەو ئۆپەراسیۆنە بە ئاماژەی خراپ پەسن دەدات و دەڵێت: "ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ."
هەروەها جەختدەکەنەوە کە "دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەریان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت."
"باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی بڕەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق." ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
سوودانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە عەبدوڵڵا مەکی "پۆستی جێگری خەلیفەی هەبووە و والی عێراق و سووریا بووە، هەروەها بەرپرسی لیژنەی راسپێردراو و بەرپرسی نووسینگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە بووە، یەکێک بووە لە مەترسیدارترین تیرۆریستەکانی عێراق و جیهان."
زانیاریی زۆر لەبارەی عەبدوڵڵا مەکی نین، بەڵام لە ماوەی کارکردنییدا لەگەڵ رێکخراوی داعش، چەندین پۆستی باڵای هەبووە لەوانە، جێگری خەلیفەی داعش، والی عێراق و سووریا و بەرپرسی نووسینگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە.
لە 9ـی حوزەیرانی ساڵی 2023دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستیە نێو لیستی تیرۆرەوە.