ئەنجامی پشکنینی ئەو پارچانەی جەستە کە لە ماڵی پێشڕەو دزەیی دۆزرابوونەوە، دەرچوو

14-03-2024
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
نیشانەکردن پێشڕەو دزەیی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای نزیکەی دوو مانگ لە بۆردوومانکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر، ئەنجامی پشکنینی DNAـی ئەو پارچانەی جەستە دەرچوو، کە لە ماڵەکەیدا دۆزرابوونەوە، ئەنجامەکان پشتڕاستیان کردەوە پارچەی جەستەی میشێل بوون.
 
میشێل مێندۆزای تەمەن 42 ساڵ، دایەنی کچەکەی پێشڕەو دزەیی بوو، لە شەوی بۆردوومانەکەوە بێسەروشوێن بوو. لە 23-1-2024 بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند گەڕان لە ماڵی پێشڕەو دزەیی کۆتاییهات و چارەنووسی دایەنەکە نادیارە.
 
فەلاح ئەنوەر کەلهووری، کۆنسووڵی فەخریی فیلیپین ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 14-3-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوێنێ ئەنجامی پشکنینی DNAـی ئەو پارچانەی جەستە کە لە ماڵی پێشڕەو دزەیی دۆزرانەوە، دەرچوو و دەرکەوت پارچەی جەستەی میشێل بوون."
 
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر؛ شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییە فلیپینییەکە لە بەشی پێشەوەی ڤێلاکە بووە و لە بۆردوومانەکەدا ئەو بەشە بەتەواوەتی خاپوور بووە، بەڵام پارچەی لەشی مرۆڤیان دۆزیبووەوە، ئەو کاتە بەرگریی شارستانی گوتی "پارچەکانی جەستە رەوانەی تاقیگە کراون بۆ ناسینەوەیان."
 
شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، ژینای تەمەن 11 مانگی کچی، هاوڕێیەکی بازرگانی و دایەنی منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە