لە 11 مانگدا لە کرماشان 533 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

14-03-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن کرماشان رووداوی هاتووچۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە 11 مانگی رابردوودا گیانلەدەستدانی 533 کەسیان لێکەوتووەتەوە. بەڕێوەبەری دادپزیشکیی پارێزگاکە دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو، گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ زیادی کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 13-03-2024، سەلیم خانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ''لە 11 مانگی رابردوودا 533 کەس لە پارێزگاکە بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، 12 گیانلەدەستدان زیادی کردووە.''
 
وەک سەلیم خانی گوتی، هەر لەو ماوەیەدا، 14 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون، کە چوار هەزار و 297 کەسیان ژن و نۆ هەزار و 704ـیشیان پیاون.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان ئاماژەی بەوەش کرد، لە رووداوەکاندا زیاتر زەبر بە سەر و ملی برینداران کەوتووە کە ''ئەمەش دەرخەری ئەوەیە؛ بەکارهێنانی پشتێنی سەلامەتی بە شێوەیەکی بەرچاو سەرنشینان لە زیان و گیانلەدەستدان دەپارێزێت.''
 
لە لایەکی دیکەوە، کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.3٪ زیادی کردووە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە