پێشانگەی رۆبۆتەکان لە سویسرا؛ 'لە مرۆڤ باشتر جیهان بەڕێوەدەبەین'
رووداو دیجیتاڵ
رۆبۆتەکان چیتر تەنیا قسە ناکەن، بەڵکو لە سویسراوە هەڕەشە دەکەن و دەڵێن، لە مرۆڤ باشتر جیهان بەڕێوەدەبەین. رۆبۆتێکی مرۆڤدۆستیش دەڵێت، "نابینە مەترسی بۆ سەر پیشەی کەس."
سۆفیا، یەکەمین باڵیۆزی رۆبۆت بۆ پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "پێموایە کە ئەو رۆبۆتانەی مرۆڤدۆستن توانای ئاستێکی بەرزتری چالاکییان هەیە و کاریگەرییان لە سەرکردەکانی مرۆڤ زیاترە. ئێمە هەست و لایەنگریمان نییە کە هەندێکجار پرۆسەی بڕیاردان ناڕوون دەکات."
چوار رۆبۆت نمایشکرابوون و بە ژیریی دەستکرد پاڵپشتکرابوون. بۆ چەند کەرتێک دروستکرابوون؛ لەوانەش بەبازاڕکردن، تەندروستی و میوزیک.
گرەیس، رۆبۆتی مرۆڤدۆست لە کەرتی تەندروستی دەڵێت، "شانبەشانی مرۆڤ کاردەکەم بۆ پێشکێشکردنی یارمەتی و پاڵپشتی؛ جێگەی کەس لە شوێنی کارەکەی ناگرینەوە و نابینە مەترسی بۆ سەر پیشەی کەس."
یەکێک لەو رۆبۆتانە، مژدەی پێیە.
دێسدیمۆنا، ئەستێرەی رۆک لە باندی گالاکسی جام دەڵێت، "باوەڕم بە سنوورەکان نییە، تەنیا باوەڕم بە دەرفەتەکانە. با لە ئەگەرەکانی گەردوون بکۆڵینەوە و جیهان بکەینە شوێنمان. بەیەکەوە دەتوانین داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان دروست بکەین و منیش لێرەم بۆ ئەوەی ئەوەتان پێشان بدەم."
پێشانگاکە لە سویسرا بەڕێوەچوو و تێیدا سێ هەزار پسپۆڕی بواری رۆبۆت و ژیریی دەستکرد بەشدارییان کرد.