بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی: رێگەی دوو گوند و 3 کیلۆمەتری ناوەندی ناحییەکە ماون قیرتاو بکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی دەڵێت، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان جێبەجێکردووە و ئێستا لە کۆی 35 کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی لە ناوەندی ناحیەکە تەنیا سێ کیلۆمەتر ماوە قیرتاو بکرێت، دەشڵێت، لەکۆی 12 گوند، رێگەی 10 گوندی سنوورەکە قیرتاو کراوە.
 
هەڤاڵ ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی سەر بەقەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم کەریم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ناحیەی کەڵەکچی و گوندەکانی لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکان جێبەجێکراون.
 
هەڤاڵ ئاکرەیی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراون، پرۆژەی دروستکردنی شەقام و شۆستەی گەڕەکەکانی نێو ناحییەکە بە بەهای دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە و ئێستا لەکۆی 35 کیلۆمەتر رێگەی ناوخۆیی لەنێو ناحیەی کەڵەکچی 32 کیلۆمەتر قیرتاو کراوە و تەنیا سێ کیلۆمەتر ماوە ئەویش لە پلاندایە بۆ جێبەجێکردن.
 
کەڵەکچی دەکەوێتە سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک، لەساڵی 2004 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە ناحیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 51 هەزار هاونیشتمانی دەبێت.
 
لەبارەی رێگەی گوندەکانی سنووری ناحیەی کەڵەکچی، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵیت، لەکۆی 12 گوند 10 گوندیان رێگەکەیان قیرتاوکراوە، بە گوژمەی سێ ملیار و 800 ملیۆن دینار، ئەو دوو گوندەشی کە ماون (زینەبا و دارەتوو) ئەوانیش دراونەتە تەندەر و پارەیان بۆ تەرخانکراوە.
 
هەڤاڵ ئاکرەیی گوتیشی، پرۆژەیەکی دیکە لە رێگەی گشتیی دهۆک لە گوندی پیربۆک بۆ پردی گەرمک بە درێژایی 20 کیلۆمەتر دروستکراوە، سوودێکی زۆر بە دانیشتووانی سنوورەکە دەگەیێنێت.
 
لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەشێکی زۆری پرۆژەکانی پترۆدۆلار و پەرەپێدانی پارێزگاکان بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە گرفتیان بۆ دروستبووە و راگیراون. 
 
هەڤاڵ ئاکرەیی گوتی، "دوو پرۆژەی زۆر گرنگمان هەبوون کە پرۆژەی خزمەتگوزاریی گەڕەکەکان بوون و راگیرابوون؛ بەهاکەیان دوو ملیار دینارە، بەڵام رەزامەندیی دەستپێکردنەوەی دراوە و ئێستا رێکاری یاسایی تەواو بووە و بەشێوەی جێبەجێکردنی راستەوخۆ شارەوانیی دهۆک جێبەجێیان دەکات."
 
لەبارەی پرۆژەکانی کەرتی پەروەردە و تەندروستی لە سنوورەکە، گوتیشی، "دوو  قوتابخانەی 18 پۆلی لە ناوەندی ناحیەی کەڵەکچی تەواوکراون، ئێستا قوتابخانەیەکی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، دوو بنکەی تەندروستیمان هەن بەهۆی ئەوەی لۆدێکی زۆری لەسەرە داوامان لە وەزیری تەندروستی کردووە بنکەیەکی تەندروستیی 24 کاژێری لە ناحیەکە بکرێتەوە."
 
هەڤاڵ ئاکرەیی دەڵێت، پارێزگاری دهۆک رەزامەندی داوە لەسەر دروستکردنی پارکێکی گشتی بۆ ناحیەکە بە گوژمەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینار و بەم نزیکانە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت."