سەردار کەرکووکی: وەکو سەربەخۆ خۆم بەربژێر کردووە و دڵنیام دەردەچم

14-03-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گۆرانیبێژی میللیی، سەردار کەرکووکی دەڵێت، ئەمڕۆ سەردانی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی کردووە و وەکو بەربژێری سەربەخۆ فۆڕمی خۆبەربژێرکردنی وەرگرتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-03-2024، سەردار کەرکووکی، گۆرانیبێژی میللیی بە رووداوی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ساڵانێکە لە نێو نەهامەتییەکانی گەلەکەیدا دەژی و هیچ ئاسۆیەکی چارەسەری نەبینیوە، بڕیاری داوە وەکو سەربەخۆ خۆی بەربژێر بکات.
 
سەردار کەرکووکی، ئەمڕۆ کە دوایین رۆژی تۆمارکردنی هاوپەیمانی، حیزب و بەربژێری تاک بوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی ئۆفیسی هەولێری کردووە و فۆڕمی خۆبەربژێرکردنی وەرگرتووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو فۆڕمەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمیسیۆن.
 
کەرکووکی بە متمانە بەخۆبوونەوە گوتی، "دڵنیام دەردەچم، ئەوەی دۆست و برادەرە، هونەرمەندان، پزیشکان و پارێزەران و چین و توێژە جیاجیاکان بەڵێنیان پێداوم دەنگم پێبدەن."
 
سەردار کەرکووکی ساڵانێکی زۆر یەکێتی بووە، بە گۆرانی (یەکێتی یەکێتی، نیشتمانی کوردستان) ناوی دەرکرد، ماوەیەکیش لە ریزەکانی پارتی بووە. ئەو گوتی، "گۆرانیم بۆ هەموو حیزبەکان گوتووە، لە نێو پارتی مووچەم هەبوو، یەکێتی بەڵێنی پێدام مووچەم بۆ ببڕێتەوە، دوای ئەوەی مووچەی خانەنشینیان بۆ بڕیمەوە، مووچەکەی پارتیم راگیرا."
 
ئەو گۆرانیبێژە میللییە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چالاکە و زۆرجار لە لایڤەکاندا هێرش دەکاتە سەر هونەرمەندانی هاوڕێی، دەڵێت، "هیچ حیزبێک داوای لێ نەکردم خۆم بەربژێر بکەم، پارتی و یەکێتی ئەگەر داواشیان لێکردبام قبووڵم نەدەکرد، بەڵام دڵنیام دوای ئەوەی خۆم بەربژێر کرد، پەیوەندیم پێوە دەکەن و داوا دەکەن پشتگیری لیستەکانیان بکەم"
 
سەردار کەرکووکی لە ساڵی 1963 لە کەرکووک لە دایکبووە، ساڵی 1972 لەگەڵ خێزانەکەی راگوێزراون بۆ شاری هەولێر، بە گوتەی خۆی لە ساڵی 1975ـەوە گۆرانی دەڵێت.
 
رۆژی 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
بەپێی ئاماری نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە هەرێمی کوردستان تاوەکو رۆژی چوارشەممە 85 بەربژێری تاک فۆرمی خۆبەربژێرکردنیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە و، بەشێکیان فۆرمەکەیان گەڕاندووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.