لە بنەسڵاوە ئاگر لە ماڵێک و سێ دووکان کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە بنەسڵاوەی هەولێر ئاگر لە ماڵێک و ژمارەیەک دووکان کەوتەوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە، خاوەن ماڵەکە دەڵێت، هیچ کەلوپەلێکی دەرنەچووە و هەمووی سووتاوە.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 14-03-2024) لە قەزای بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر، ئاگر لە ماڵێک و سێ دووکان کەوتەوە کە بەگوتەی ڤەژین موراد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، سەرجەم کەلوپەلی نێو دووکانەکە سووتاون و بە تەواوی لەنێوچوونە.  
 
خاوەنی ماڵەکە و دوو لە دووکانەکاندارەکان قسەیان بۆ رووداو کرد و گوتیان، ئاگرکەوتنەوەکە لە دووکانەکانەوە دەستیپێکردووە و دوای تەشەنەسەندنی، گەیشتووەتە خانووەکەش.
 
خاوەن ماڵەکە گوتی ''دووکانەکە کەلوپەلی کارەبایی، بۆری، سپڕا و رەنگ و شتی جۆراوجۆری تێدابووە، کە زیاتر بەهۆی سپرا و رەنگەکان ئاگرەکە تەشەنەی کردووە''.
 
دوو تیمی بەرگریی شارستانیی بنەسڵاوە و دارەتوو سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون.
 
شایەتحاڵێک لەبارەی رووداوەکەوە بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ''نزیکەی کاژێر 13:00 بوو کە ئاگرەکە دەستیپێکرد و دەستبەجێ تەشەنەی سەند، لە پشتەوە ماڵێک سووتاوە و لێرەش سێ دووکان.''
 
وەک شایەتحاڵەکە دەڵێت، ''ئاگرکەوتنەوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام هیچ شتێک لەم سێ دووکانەوە و خانووەکە دەرنەچووە و هەمووی سووتاوە.''
 
تائێستا قەبارەی زیانەکان و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە و چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆنتروڵکردنی تەواوی ئاگرەکە، بەرگریی شارستانی زانیاریی زیاتر لەسەر چۆنیێتیی رووداوەکە بخاتەڕوو.
 
بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لە 11 مانگی 2023دا لە شاری هەولێر و دەوروبەری و قەزاکانی کۆیە و شەقڵاوە، هەزار و 961 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون.