رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، سوودانی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. پرسە ئابووری و سیاسییەکان و دۆخی ناوچەکە بابەتی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیران دەبن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە دوای سەردانی بۆ هەولێر، رۆژی چوارشەممە، 15-3-2023، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سلێمانی بکات و لە دیداری سلێمانی بەشداربێت. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی سەردانەکە بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ و دانوستاندن دەکەن و ئەگەری هەیە رێککەوتنیش بکەن".
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دۆخی شنگال، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کەمپەکان، شەڕی داعش و بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەعەرەبکردن و هەڕەشە لە جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان لەو پرسانەن لەو کۆبوونەوانەدا باس دەکرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی: لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان، پێشوازیم لە محەممەد شیاع سوودانی کرد. نیازی باشی سەرۆکوەزیران بەرچاو و گرنگە بۆ بونیادنانەوەی متمانە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی نووسیوە کە "پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی و پێشکەوتن لە بابەتی وزە بناخەیە بۆ پەیوەندییەکی نوێی پتەو. با لەسەر ئەم بنەمایە، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی نووسیوە کە "پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی و پێشکەوتن لە بابەتی وزە بناخەیە بۆ پەیوەندییەکی نوێی پتەو. با لەسەر ئەم بنەمایە، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ