وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان: حکومەتی عێراق ناچێتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجە

14-03-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ئیڤێنتێکی لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا رێکخست. لە ئیڤێنتەکەدا باس لە کاریگەرییەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر خەڵکی ئەو شارە و بریندار و کەسوکاری شەهیدەکان کرا.
 
ئیڤێنتەکە لەلایەن بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بەڕێوەبرا و هەریەک لە زمناکۆ ئەحمەد، رزگاربووی کیمیابارانی هەڵەبجە، عەبدوڵڵا مەحموود محەممەد، وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری ئەمریکا، سەلوان شنگالی، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەمریکا بەشداربوون.
 
بەشداربووان جەختیان لەوەکردەوە کە نابێت کارەساتی هەڵەبجە لەبیربکرێت و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە هاوکاری و راوێژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی بەردەوامدابن بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە.
 
"هاوبەشیی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان"
 
یەکێک لە بەشداربووان جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو و گوتی، "کۆمەڵكوژیی هەڵەبجە تەنیا رووداوێکی مێژوویی تایبەت بە رابردوو نییە. تاوەکو ئێستاش مرۆڤایەتی باجی دڕندەیی سەدام حوسێن دەدات. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار رزگاربووی هێرشەکانی هەڵەبجە پێویستیان بە پێداویستیی تەندروستییە."
 
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاوسۆزی خۆی بۆ خێزانی بریندار و شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەربڕی و گوتی، "لە 35ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەدا هاوسۆزیی تایبەتی خۆم دەردەبڕم. بەناوی حکومەتی ئەمریکاشەوە، دەمەوێت سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانی و خانەوادەکانیان بکەم و هاوبەشی بەردەوامیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دووپاتبکەمەوە."
 
جێنیفەر گاڤیتۆ دەڵێت، پێویستە هاوکاریی زیاتری ئەوانە بکرێت کە بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لە 16ی ئاداری 1988 زیانیان بەرکەوتووە. ئەو یاریدەدەرەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خواستی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ هەبوونی "مامەڵەی بەردەوام" لەگەڵ هەڵەبجە خستەڕوو و راشیگەیاند، مەبەستیانە هاریکاریی هەڵەبجە بکەن لە پەرەدان لە "بواری ئابووری، کشتوکاڵ و ئەکادیمیی گەشاوەی پارێزگاکە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گاڤیتۆ گوتی، تاوانەکانی وەک ئەنفال لەماوەی دەیەی رابردوودا روویانداوەتەوە و ئاماژەی بە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لەسەر دەستی داعش لە ساڵی 2014 کرد و گوتیشی، لە ساڵی 2017ـەوە ئەمریکا زیاتر لە نیو ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی ئەو کۆمەڵگەیانەی لە دەستی داعش هەڵاتوون، تەرخانکردووە. 
 
"عێراق دەبێت قەرەبووی هەڵەبجە بکاتەوە"
 
عەبدوڵڵا مەحموود محەممەد، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا گوتی، خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان بە گشتی کە بوونەتە قوربانی جینۆساید و کیمیاباران و ئەنفال، شایەنی ئەوەن لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەرکە لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق نەچووەتە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەوە.
 
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، "پێویستە لەسەر حکومەتی ئێستای عێراق قەرەبووی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە بەپێی مادەی 132ی دەستوور کە مافێکی رەوای خەڵکی کوردستان و هاووڵاتییانی زیانبەرکەوتووی کوردستانە. بەداخەوە، تا ئێستا حکومەتی عێراق و دەوڵەتی عێراق بە گشتی نەچوونەتە ژێر باری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختی لەوەکردەوە کە بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە تاوەکو کارێکی لەو جۆرە بکەن کە حکومەتی عێراق پابەند بێت بە قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەڵەبجە بە تایبەتی.
 
لەبارەی دۆخی تەندروستی ئەوانەی لە هەڵەبجە رزگاریان بووە، عەبدوڵڵا مەحموود گوتی، بەشێکی زۆری خەڵکی هەڵەبجە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و دۆخی تەندروستیان خراپە؛ گوتیشی، ئەو هاونیشتمانییانە، "لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی پێویست چارەسەریان بۆ دەکرێت، بەڵام دەبێت حکومەتی عێراق ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ کە تاوەکو ئێستا نەیکردووە."

 

 
"گەورەترین کۆمەڵکوژی سەردەمی نوێ"
 
کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری ئەمریکی سەر بە پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا کە بە دۆستی لەمێژینەی کورد دەناسرێت، یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی ئیڤێنتەکە. ڤان هۆڵن لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە دەڵێت، "35 ساڵ دوای رووداوەکە، رزگاربووانی هێرشەکە هێشتا بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشە قێزەونەوە ئازار دەچێژن."
 
کریس ڤان هۆڵن باس لەوەش دەکات کە کیمیابارانی هەڵەبجە "تەنیا یەکێکە لەو چەند تاوانەی رژێمی دڕندەی سەدام حوسێن بەرامبەر خەڵكی کورد ئەنجامیدا لەماوەی هەڵمەتی ئەنفالدا."
 
سیناتۆرەکە لەبارەی تاوانی ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سەدام حوسێنەوە دەڵێت، "ئەو هێرشانە بوونە هۆکاری مردن و دیارنەمانی نزیکەی 180 هەزار کوردی عێراق، کە ئێستا بە یەکێک لە گەورەترین کوشتنی سەردەمی نوێ دادەندرێت."
 
کریس ڤان هۆڵن دوای چەند مانگێک لە کیمیابارانی هەڵەبجە سەردانی کوردستانی کردووە و چیرۆکی خۆی بەم جۆرە دەگێڕێتەوە: "لەو کاتەدا من ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران بووم. شەش مانگ دوای هێرشە دڕندانەکەی سەر هەڵەبجە سەردانی هەرێمی کوردستانم کرد. لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەم لە کاریگەرییەکانی هەڵمەتی ئەنفال کرد بۆسەر کوردەکان. لەگەڵ پیتەر گابریزی هاوکارم، چاوپێکەوتنم لەگەڵ رزگاربووان کرد. ئەرکێکی قورس، بەڵام زۆر گرنگمان لەسەر بوو، ئەویش تۆمارکردنی هێرشی کیمیایی بوو لە 49 گوندی کوردیدا."
 
کریس ڤان هۆڵن دەڵێت، ئەو تاوانەی دژی خەڵکی کورد کرا لە عێراق هەرگیز بیری ناچێتەوە، هەربۆیە لە کۆنگرێسدا پرۆژەیاسایەکی لەگەڵ سیناتۆر مارکۆ روبیۆ، کە سەر بە کۆمارییەکانە پێشکێشکرد کە کۆنگرێس یادی 30 ساڵەی ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی نەوای ئارامی کردەوە. هەروەک جەختیان لە دروستکردنی، "هاوبەشییەکی بەهێز لە نێوان ئەمریکا و کوردەکانی عێراق" کردووەتەوە.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنەی ڤان هۆڵن دەڵێت، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی جەنگی کەنداوەوە لە ئاداری 1991 ئەنجامدرا، ناوچەی دژەفڕینی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکرد کە ئامانج لێی پاراستنی خەڵکی کوردستان بوو.
 
ڤان هۆڵن بە گرنگی باسی بەهێزبوونی پەیوەندی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هەروەها زۆر گرنگە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان لە عێراق و شوێنی دیکە دروستبکەین."
 
"برینێکی قووڵ بۆ جەستەی خەڵکی عێراق"
 
سەلوان شنگالی، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەمریکا دەڵێت، کیمیابارانی هەڵەبجە یەکێک بوو لە خراپترین ئەو تاوانانەی دەسەڵاتی سەدام حوسێن بەرامبەر کورد لە هەرێمی کوردستان و خەڵکی عێراقیش کردی. هەربۆیە دەڵێت هەڵەبجە، "لە ئاستی عێراقدا وەکو برینێکی قووڵ لەسەر جەستەی خەڵکی عێراق تەماشا دەکرێت."
 
سەلوان شنگالی، کارەساتی هەڵەبجە وەک پاڵنەرێک بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی کە لە 13ی کانوونی دووەمی ساڵی 1993 لە پاریس واژۆکرا، هەژماردەکات. لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەڵەبجە خاڵی وەچەرخان بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بووە هۆی ئەوەیە جیهان باوەڕ لە مەترسی چەکی وێرانکەر تێبگات و لە کۆتاییدا رێککەوتنی چەکی کیمیایی لە 1993 واژۆکرا، بەڵام بەداخەوە ئەوە 5 ساڵ دوای بۆردوومانکردنی هەڵەبجە هات."
 
هەروەها باس لەوەشدەکات، هەڵەبجە بووە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیر لە ئازادکردنی عێراق بکەنەوە.
 
"دوو جار بێکەس بوون"
 
زمناکۆ ئەحمەد، یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی ئیڤێنتەکە. ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی هەڵەبجە رزگاربووی کیمیابارانەکەی ساڵی 1988ـە. ئەو سەرەتای قسەکانی بە گێڕانەوەی چیرۆکی خەمناکی خۆی دەستپێکرد.
 
زمناکۆ لەدایکبووی ساڵی 1985ی شاری هەڵەبجەیە. لەو کاتەی هەڵەبجە کیمیاباران کراوە تەمەنی تەنیا سێ ساڵ بووە. لەو کاتەدا کە خەڵک بۆ پاراستنی گیانی خۆیان بۆ دەرەوەی شارەکە هەڵدەهاتن، زمناکۆ لە دایکی ون دەبێت. دواتر، ژمارەیەک سەربازی ئێران دەیدۆزنەوە و دەیبەنە ئێران.
 
زمناکۆ دەڵێت، ئومێدی ئەوە دەخوازێت خەڵک هەرگیز چیرۆکی قوربانییانی هەڵەبجەیان بیرنەچێتەوە تاوەکو جارێکی دیکە قوربانییانی جەنگ بیری خەڵک نەچنەوە. هەروەک داوا دەکات هەوڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوە بێت جارێکی دیکە کارەساتی وەکو هەڵەبجە روونەداتەوە.
 
زمناکۆ وەها باسی چیرۆکی خۆی دەکات، لەو کاتەدا کە براوەتە ئێران لەلایەن ژنێکەوە کە هاوژینەکەی کۆچی دوایی کردبوو و ئەویش بەهۆی جەنگی عێراق و ئێرانەوە ئاوارە بووە بەخێوکراوە. زمناکۆ تەمەنی 17 ساڵ دەبێت کاتێک دایکی بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانلەدەستدەدات.
 
ئەو رزگاربووەی جینۆسایدی هەڵەبجە دەڵێت، دایکم، "دووبارە بەبێ خێزان جێی هێشتم."
 
زمناکۆ لە ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە هەڵەبجە و لەوێ دوای ئەنجامدانی پشکنینی DNA، دایکی راستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە. ئێستا ئەو لە سلێمانی لەگەڵ دایکی و هاوژین و کچەکەی لە سلێمانی دەژی.
 
زمناکۆ دوای ئەوەی خێزانە راستەقینەکەی دەدۆزێتەوە بۆی دەردەکەوێت، لە رۆژی کیمیابارانەکەدا باوکی و چوار برای و خوشکەکەی شەهیدبوون و لە نێو گۆڕی شەهیدانی هەڵەبجەشدا گۆڕی ئەویشی تێدایە، چونکە وا زانراوە مردووە، بەڵام دوای گەڕانەوەی ناوەکەی بە بۆیەی سەوز نووسرا، وەک نیشانەیەک بۆ مانەوەی لە ژیاندا.
 
زمناکۆ لە سلێمانی دەستی بە خوێندنی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی لە عێراق کرد و لە دواتریشدا بڕوانامەی ماستەری لە هەمان بەشدا بەدەستهێناوە و ئێستا لە ئایرلەند دەژی و لە کۆمپانیای مێتا کاردەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە