وردەکاریی کوژرانی گەنجێک لە کەرکووک لەلایەن دوو هاوڕێیەوە لەبەر "پارە و ئۆتۆمبێل"


رووداو دیجیتاڵ 

تەرمی گەنجێکی کورد بۆ ماوەی نزیکەی 10 رۆژ لە بیرێکدا بووە لە دامێنی چەمی خاسە لە سنووری گەڕەکی رەحیماوا بەبێ ئەوەی کەس پێی بزانێت. 
 
شەوی دووشەممە 13-03-2023، تەرمەکە دۆزرایەوە. قەحتان سەباح ئەو گەنجە کوردەیە لە رۆژی 3ی ئادارەوە بێ سەرووشوێن بوو، دواجار دەرکەوت لەلایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە کوژراوە. 
 
کەسوکارەکەی هێشتا پرسەیان دانەناوە، خاڵی قەحتان دەڵێت، "کاتێک لەماڵ دەرچووە، گوتوویەتی لەگەڵ هاوڕێکانم دەچمە سلێمانی." لەوکاتەوە هەواڵی نەبووە، تەنیا ئەوەی چەند رۆژێک دواتر لە رێگەی پەیوەندییەکەوە داوای 500 هەزار دۆلاریان لێکراوە بۆ ئازادکردنی، بۆیان دەرکەوتووە هاوڕێکانی کوشتوویانە لەپێناو پارە و ئۆتۆمبێلەکەی. 
 
عەباس شکور، خاڵی کوژراوەکەیە و دەڵێت، "هەینی لەسەر شەممە شەوەکەی کاژێر 9:30 خولەک دەرچووە لەماڵەوە، هیچ کێشەیەکی نەبووە تەنانەت تەلەفۆنی کردووە لەگەڵ ئەو تاوانبارە، باسی داوەت و خواردنی ماسی و ئەو شتانەیان کردووە، بەس بۆ پارە و ئۆتۆمبێلەکە کوشتوویانە، وا بەشپرزەیی کوشتوویانە، هەندێ پارە لەگیرفانی خۆیدابووە نەیان بردووە."  
 
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەک کە لە کامێرای چاودێری بازگەیەکی نێوان کەرکووک و تەق تەقە تۆمارکراوە، چرکەساتی هەڵهاتنی تۆمەتبارەکان بە ئۆتۆمبێلی کوژراوەکە دەردەخات کە دواتر ئۆتۆمبێلەکە دەبەنە هەولێر و بە نزیکەی پێنج هەزار دۆلار دەیفرۆشن. 
 
ماوەی چەند رۆژێکە پۆلیسی کەرکووک بە هاوئاهەنگی و کارئاسانی لەلایەن ئاسایش و دژەتێرۆری سلێمانی توانیان سەرەداوی تاوانەکە ئاشکرابکەن. 
 
هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکران، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دانیان بەوەدا ناوە کە چاویان لە ئۆتۆمبێلەکەی و پارەکەی بووە کە بڕی 800 هەزار دینار بووە. 
 
موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەردووکیان دەستیان تێیدایە، یەکێکیان بەچەقۆ و ئەوەی دیکە بە فیشەک لێیداوە، دوای ئەوەی ئاشکرا دەبن، تەرمەکەیان شاردووەتەوە، مۆبایل و ئۆتۆمبێلەکەیان بردووە بۆ شوێنی دیکە و فرۆشتویانە." 
 
تەرمی کوژراوەکە بەهۆی زۆر مانەوەی شێواوە، بۆیە جیا لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان، هێشتا تەرمەکەش رادەستی کەسوکاری نەکراوە، چونکە وەکو بەڵگەی تاوان توێکاری زیاتری بۆ دەکرێت.