سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووداو: بودجەیەک بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخانکراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و سوودانی دەڵێت، بودجە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخانکراوە.
رۆژی سێشەممە 14-03-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەولێر کۆبوونەوە و دواتر قسەیان رۆژنامەڤانان کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو، لەبارەی مادەی 140، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: بودجەیەک بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 تەرخانکراوە.
هەروەها گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، بەگوتەی مەسرور بارزانی، "بەردەوامە و پێشکەوتنی باش هەبووە."
لە وەڵامی رووداودا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە بودجە کرد، هیوای خواست لە پەرلەمان پەسندبکرێت و گوتی، "لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران قسەی زیاتریشمان کردووە لەسەر ئەوەی کە چۆن بتوانین میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."
دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
بەخێرهاتنی گەرمی جەنابی سەرۆکوەزیران دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان. دەستخۆشی لێدەکەم کە دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان پەسندکرد. دوو رۆژی دیکە یادی کارەساتباری کیمیابارانی هەڵەبجەیە، هیوادارم ئەم بڕیارەی دوێنێ، ببێت بە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی ئەو خەڵکە کە چەندین ساڵە ئازار دەچێژن.
گفتوگۆکانی ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە و پێشکەوتنی باش هەبووە، بەم بۆنەیەش دیسان دەمەوێت دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران بکەم و پیرۆزباییش لە خەڵکی عێراق بکەم بۆ پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2023، هیوادارم پەرلەمانی عێراقیش ئەم بودجەیە پەسند بکات کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە. لە چوارچێوەی ئەم بودجەیە ئێمە دەتوانین هەنگاوی دیکەش بۆ چارەسەرکردنی خاڵەکانی دیکەی وەکو یاسای نەوت و گاز بنێین.
هیوادارین بودجە لە پەرلەمان پەسندبکرێت، ئەمە کارێکی هاوبەش بووە. تیمەکانی ئێمە ئەو هەموو ماوەیە لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە حکومەتی فیدڕالی بەیەکەوە کاریان کردووە و ئەم بودجەیە پەسندکراوە، لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران قسەی زیاتریشمان کردووە لەسەر ئەوەی کە چۆن بتوانین میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و لەسەر ئەمەش بەردەوامدەبین لە هاوکاریکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدراڵی.
دەقی گوتەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
پرسیار: دوای پەسندکردنی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ئایا هەڵەبجە پرسەکانی بودجەی تایبەت بەخۆی و پرسەکانی دیکە دەیگرێتەوە؟
محەممەد شیاع سوودانی: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، سەرەتا پرسەی خۆمان بە رۆڵەکانی گەلەکەمان لە کوردستان، عێراق و سەرجەم ئازادیخوازان لە جیهان دەگەیێنین لە یادی هەڵەبجەدا، هەڵەبجە ئەو تاوانە گەورەیە بوو کە رژێمی دیکتاتۆری ئەنجامیدا و لە ویژدانی عێراقی و مرۆییدا دەمێنێتەوە، ئەرکی حکومەتی ناوەندی و دەوڵەتی عێراقە پابەندبوونەکانی لەبەرامبەر قوربانییان جێبەجێ بکات، بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بەشێکی کەمە لەو شایستەییەی خەڵکی هەڵەبجە و کەسوکارمان لە کوردستان، هەموو هەوڵ و هەنگاوێک دەنێین بۆ کەسوکاری قوربانییان.
پرسیار: واتە بودجە و مافەکانی شەهیدان و کەسوکاریان دەیگرێتەوە؟
محەممەد شیاع سوودانی: بەڵێ پشتیوان بەخوا، بەپێی دەستوور و یاسا.
رووداو: ئایا هیچ بودجەیەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق لە بودجەی ساڵی 2023 دیاریکراوە؟
محەممەد شیاع سوودانی: سەرەتا سوپاس بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ گیانی کاری هاوبەشی و هاوئاهەنگییەکەی و ئیرادەی راستەقینە و ئارەزووی راستگۆیانە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لە ماوەی چوار مانگی تەمەنی حکومەتی ناوەندی هەنگاوی باشمان بڕیوە لە جێبەجێکردنی بەشێکی گرنگی رێککەوتنامەی سیاسی کە خراوەتە نێو کارنامەی حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی پێداوە، ئێمە ئیرادە و ئارووزیەکی جیددیمان هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەو دۆسیەیە و هەنگاونان بەرەو ئاسۆی فراوان و دەرفەتی ئابووری کە بەخێر بۆ رۆڵەکانی گەلەکەمان لە کوردستان و سەرجەم پارێزگاکان دەگەڕێتەوە، بەدڵنیاییەوە ماددەی 140 بەشێکە لە رێککەوتنی سیاسی و بودجە بۆ ئەو لیژنە ناوەندییەی بۆ ئەو مەبەستە هەیە، تەرخانکراوە.