سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات؛ "ئەگەر هەیە رێککەوتن بکرێت"

14-03-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. پرسە ئابووری و سیاسییەکان و دۆخی ناوچەکە بابەتی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیران دەبن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.  
 
بڕیارە دوای سەردانی بۆ هەولێر، رۆژی چوارشەممە، 15-3-2023، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی سلێمانی بکات و لە دیداری سلێمانی بەشداربێت. باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی سەردانەکە بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ و دانوستاندن دەکەن و ئەگەری هەیە رێککەوتنیش بکەن." 
 
ئەو سەردانەی سوودانی بۆ هەولێر و دواتریش سلێمانی، لەکاتێکدایە ماوەی نزیکەی چوار مانگ و نیو بەسەر دەستبەکاربوونیدا تێدەپەڕێت و سوودانی کۆمەڵێک بەڵێنی داوە، هەندێک هەنگاویشی ناوە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی، بەڵام ئێستا ئەوەی لەبەردەم هەولێر و بەغدا دوو پرسی سەرەکین هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە، ئەوانیش؛ یەکەمیان یاسای نەوت و گازە، دووەمیان پڕۆژەیاسای بودجە کە بڕیارە بنێردرێت بۆ پەرلەمانی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% دیاریکراوە.
 
عەوادی ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا "زۆر ئەرێنییە و زەمینەیەکی ئەرێنی لەبار هەیە." راشیگەیاند: "رێكکەوتن لەنێوان هەردوولا لەسەر بودجە کرا و پشت بە خودا ئێمە بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێین رێککەوتن لەبارەی یاسای نەوت و گاز بکەین و ئەگەری هەیە لەم سەردانەی سوودانی گفتوگۆ و دانوستاندن سەبارەت بەو یاسایە بکرێت." 
 
کاتێک سوودانی تەمەن 52 ساڵ، وەزیری پێشووی مافی مرۆڤ و پارێزگاری پێشووتری میسان هاتە سەر دەسەڵات، بەڵێنی چارەسەری کۆمەڵێک کێشەی دا ، لەوانە چاکسازیی ئابووری، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لەمساڵدا، هەروەها ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، بەڵام یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەمی، دابەزینی بەهای دینار و ئەو دۆخە داراییە بوو کە عێراق لە چوار مانگی رابردوودا تووشی هات.
 
کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەر لە مادەی 140ـەوە تاوەکو پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکاندا باس دەکرێن.
 
لە پاش پەسندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران، چاوەڕێ دەکرێت رۆژی پێنجشەممە پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق، ئەو پڕۆژەیاسایە بەپێی زانیاریی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، نزیکەی 20 بۆ 30 رۆژی دەوێت بۆ دەنگدان لەسەری و پەسندکردنی، بودجەکە بۆ شەش مانگە و کورتهێنانی نابێت، قەبارەکەی 247 تریلیۆنە و گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراق، پشکی کورد لە بودجەدا کە لەماوەی 2021 و 2022دا زۆرترین مشتومڕی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست کرد، چاوەڕێ دەکرێت لەو بودجەیە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام هەر پشکێکیش لەو بودجەیە جارێکی دیکە دەکەوێتە بەر بڕیارەکانی وەزیری دارایی عێراق.
 
دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دۆخی شنگال، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کەمپەکان، شەڕی داعش و بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەعەرەبکردن و هەڕەشە لە جوتیارانی کورد لە سەرگەڕان لەو پرسانەن لەو کۆبوونەوانەدا باس دەکرێت.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق:
 
- ساڵی 1970 لەدایکبووە
- بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵدا هەیە
- ماستەری لەبواری بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان هەیە
-  سەرکردەی پێشووی حیزبی دەعوە بووە
-  ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی فوراتەین ـە
 
سوودانی ئەم پۆستانەی هەبووە:
 
- سەرۆکی شارەوانیی عەمارە، 2004
- ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، 2005
- پارێزگاری میسان، 2005
- وەزیری مافی مرۆڤ، 2010
- سەرۆکی دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری بە وەکالەت، 2011
- وەزیری کشتوکاڵ بە وەکالەت، 2013
- سەرۆکی دەزگای زیندانیانی سیاسی 2014
- وەزیری کۆچ و کۆچبەران بە وەکالەت 2014
- وەزیری دارایی بە وەکالەت 2014
- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی 2014
- وەزیری بازرگانی بە وەکالەت 2015
- وەزیری پیشەسازی بە وەکالەت 2016
- ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق 2022

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە