تۆڕی میدیایی رووداو دوو بەڵگەفیلمی نوێ لەسەر هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە

14-03-2022
A+ A-

تۆڕی میدیایی رووداو رایدەگەیێنێت کە دوو بەڵگەفیلمی نوێ بۆ 34ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە چەند زمانێک بڵاودەکاتەوە. هەردوو بەڵگەفیلمەکە لەلایەن تیمەکانی بەرهەمهێنانی رووداو لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنراون و لە هەفتەیەی یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە تەلەڤزیۆن و رووداو دیجیتاڵ بڵاودەکرێنەوە. 
 
سێ تاقانە لە هەڵەبجە
 
ئەم بەڵگەفیلمە کە لەلایەن بەشی بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهێندراوە، چیرۆکی سێ تاقانە دەگێڕێتەوە کە لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا تەواوی ئەندامانی ماڵباتەکانیان لەدەستداوە و بەتەنیا ماونەتەوە. هەرسێکیان رۆژی 16/3/1988یان لەبیرە و، وردەکارییەکانی ئەو رۆژە کاریگەریی لەسەر ژیانیان دروستکردووە. ئاراس و چرۆ و ئیدریس، شایەتحاڵی رووداوەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەن و لە بەڵگەفیلمەکەدا سات بە ساتی ئەو رۆژە دەگێڕنەوە. 
 
حەیدەر عومەر، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە لەسەر هەڵبژاردنی چیرۆکی ئەو سێ تاقانەیە دەڵێت: ''هەڵبژاردنی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێشتر هەر کارێک کرابێت هەمیشە باس لە 5 هەزار شەهید و بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی کراوە و زۆر بە کەمی باسی تاقانەکان و خەمە بەردەوامەکانیان کراوە، ئەم بابەتەمان هەڵبژارد تاوەکو بتوانین لە رێگەی چیرۆکی سێ تاقانەوە، تەواوی خەمەکانی هەموو تاقانەکانی هەڵەبجە بگێڕینەوە کە لە ژیانی رۆژانە و بۆنەکانی وەک جەژن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا چ بۆشاییەکەی گەورە لە ژیانیاندا دروستبووە، بە جۆرێک کەسانی ئاسایی و خاوەن کەسوکار هەستی پێناکەن.''
 
گرێی ناسنامە
 
ساڵی 1997 منداڵێکی ونبووی خەڵکی هەڵەبجە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەڕایەوە بۆ شارەکەی. ئەو لەلایەن خێزانێکی کورد لە شاری سنە، ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بەخێوکرابوو. بەهۆی لە سێدارەدانی باوکە رۆژهەڵاتییەکەیەوە، چیرۆکی راستی ژیانی ئاشکرا دەبێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوخۆ، ماوەی 40 رۆژ لە ماڵێکی سلێمانی دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە هەڵەبجە و بەهۆی نیشانەیەکی سەر جەستەیەوە، دەناسرێتەوە.

 

 
لەنێو ئەو منداڵە ونبووانەی گەڕاونەتەوە هەڵەبجە، چیرۆکی ماردین مەحموود، لە هەمووان سەرنجڕاکێشترە. چونکە دوای ئەوەی خوێندنی ئامادەیی و پەیمانگەی لە هەڵەبجە تەواوکرد، بە ئامانجی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانی دیکەی شارەکەی، لەساڵی 2018 رێکخراوێکی بەناوی رێکخراوی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دامەزراند.
 
ماردین مەحموود، لە 4 ئابی 2021 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەوە لەکاتێکدابوو کە هێشتا بەڕێگەی دادگەوە بوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی گرێی ناسنامەکەی بکاتەوە و یەکلایی ببێتەوە کە کچی راستەقینەی ئەو خێزانەیە کە لەگەڵیان دەژیا.
 

دیمەنێک لە بەڵگەفیلمی گرێی ناسنامە

نەوزاد مەحموود، پرۆدیوسەر و دەرهێنەری بەڵگەفیلمی گرێی ناسنامە لەسەر هۆکاری هەڵبژاردنی چیرۆکی ماردین مەحموود بۆ بەڵگەفیکمەکەی دەڵێت: ''ئەوەی هانیدام دوای چیرۆکی ژیانی ماردین بکەوم، خەون و ئامانجە سەرەکییەکەی بوو. ئەو سەرباری ئەو هەموو کوێرەوەرییەی چێشتبووی، سەرباری ئاستەنگییەکانی ژیانی دوای گەڕانەوەی، هێشتا بۆ ئەوە دەژیا و تێدەکۆشا منداڵانی دیکەی ونبووی هەڵەبجە بدۆزێتەوە و، بگەڕێنەوە ئامێزی خێزانە راستەقینەکانیان. ئەو رێکخراوێکی بۆ ئەوە مەبەستە دامەزراند، هەموو ستافی رێکخراوەشی پێکهاتبوون لە منداڵانی گەڕاوەی هەڵەبجەیی و ئەو خێزانانەی چاوەڕوانی منداڵە ونبووەکانیان بوون''. نەوزاد مەحموود زیاتر لەسەر کەسایەتی ماردین قسە دەکات و دەڵێت: ''لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ماردین لە ژیانی تاکەکەسی خۆیدا بە چەند گرفتێکەوە دەیناڵاند، لەڕووی یاساییەوە هێشتا ناسنامەکەی ساخ نەببووەوە، شێرپەنجە بەرۆکی گرتبوو، بارودۆخی دارایی خێزانەکەی خراپبوو، بەڵام هەمیشە دەیگوت گەورەترین دەستکەوتی دنیا، گەڕاندنەوەی منداڵێکە بۆ باوەشی دایکی".
 
تۆڕی میدیایی رووداو هەردوو بەڵگەفیلمی (سێ تاقانە لە هەڵەبجە) و (گرێی ناسنامە) بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و تورکی بڵاودەکاتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارتی لە کەرکووک: ئەم ئەزموونە ئەوەی سەلماند کە دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین.

پارتی لە کەرکووک: ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێی یەک گوتاریمان پێشکێش کرد

هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە پرۆسەی سەرژمێریدا "ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێی یەک گوتاریمان پێشکێش کرد".