لە کۆچۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە
رووداو - شنگال
سبەی لە گوندی کۆچۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە، شایەتحاڵێک دەڵێ نزیکەی 100 رووفاتی تێدایە کە هەموویان پیاو و گەنجانی ئێزدین و بەدەستی چەکدارانی خەلافەت کوژراون و زیندەبەچاڵ کراون.پیاوێک کە بە موعجیزە لەو کۆمەڵکوژییە رزگاری بووە، لە دوورەوە کارەساتەکەی بینیوە و دەڵێ "کەوتنە گیانی ئیزدییەکان و هەموویان کوشتن، بەشیکیان مێرمناڵ بوون، هەرچەندە هاواریان دەکرد و دەپاڕانەوە، بەڵام دادی نەدان گوتیان ئێوە کافرن".
سێڤێ موراد ژنە کوردێکی ئێزدییە، هاوژینەکەی لە کۆمەڵکوژی شنگالەوە ونە، سێ کچی بچووکی هەن و دەڵی هەر کە یەکێک لای داعش رزگاری دەبێت کچەکانم دەڵێن ئەوە باوکمانە و دێتەوە. خۆیشی چاوەڕێی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەکات بۆ ئەوەی لە چارەنووسی هاوژینەکەی دڵنیابێتەوە.