لە چەولیگ پێنج کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دا

14-02-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 38ـی دیکەش برینداربوون.
 
درەنگی شەوی پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025 پاسێکی کۆمپانیای ماردین سەیاحەت کە لە پارێزگای شرناخەوە بەرەو پارێزگای ئەرزڕووم دەڕۆیشت، لەسەر رێگەی چەولیگ- ئامەد وەرگەڕا. 
 
دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی تەندروستی و فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
 
ئەحمەد حەمدی ئوستا، پارێزگاری چەولیگ لە شوێنی رووداوەکە راگەیاند، لە رووداوەکەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 38 ـی دیکەش  برینداربوون. 30 لە بریندارەکان گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی چەولیگ و هەشت برینداریش لە نەخۆشخانەکانی ئامەد و مەڵەتی چارەسەر وەردەگرن. 
 
ئێوارەی پێنجشەممەش 13ـی شوباتی 2025 لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی پازارجیخ لە پارێزگای مەرەش. دوو ئۆتۆمبێل رووبەڕوو خۆیان بەیەکدی کێشا. لە ئەنجامدا چوار کەس دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەفربارین لە سەرتاسەری باکووری کوردستان بەردەوامە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری هاووڵاتیان دەکەنەوە، لەکاتی گەشتکردندا پابەندی رێنماییەکان بن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە