راوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانی: رووخاندنی خانووی زێدەڕۆ یاساییە و بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، رووخاندنی دیوەخانەکانی دێرین عوزێری، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بووە، بەڵام 100% یاساییە و بە فەرمانی دادوەر کراوە.
چوارشەممە، 14-02-2024، بێستوون فایەق، راوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری رووخاندنی قەڵا و دیوەخانەکانی دێرین عوزێری، بەپێی یاسای رێگریکردن لە زێدەڕۆیی بووە کە ساڵی 2018 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە.
لە یاسایی رێگریی لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵکی دەوڵەت کە لە 12-02-2018 دەرچووە، لە بڕگەی یەکەمی مادەی دووەمدا هاتووە "پارێزگاری لەو زەوی و زارانەی موڵکی دەوڵەتن لەناو سنووری هەرێم و رێگری لە زێدەڕۆیی و داگیرکردنیان بە رێگەی سەپاندنی سزای بەرگر (رادع) بەرامبەر زێدەڕۆکار".
لە بڕگەی سێیەمدا هاتووە، "رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ لابردنی زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و زاری دەوڵەت".
بێستوون فایەق دەڵێت، "رووخاندنی ئەو دیوەخانانە، فەرمانی دادوەرە بۆ رێگریکردن لە زێدەڕۆیی و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکە کە جگە لە زێدەڕۆیی، تەقەی لە خەڵکیش کردووە، ئەوانەشی بڕیارەکەیان جێبەجێکردووە، هێزی فەرمی دەوڵەتن و یاسایان جێبەجێ کردووە".
راوێژکارەکەی بافڵ تاڵەبانی، نایشارێتەوە کە بڕیارەکە بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی بووە، "بەڵام بابەتە 100% یاسایی و دەوڵەتییە، ئەمە پلانە و بەردەوام دەبێت بۆ رێگریکردن لە زێدەڕۆیی و ستەمکردن لە بازرگانان و خەڵک".
رۆژی دووشەممە 12-02-2024 ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی "وەرگرتنی سەرانە" لە بازرگانان و بریندارکردنی بازرگانێک، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ "کوێخا دێرین عوزێری" دەرکراوە و 'دیوەخانی سەرقەڵای عوزێر'یش رووخێندرا.
کوێخا دێرین عوزێری تۆمەتبارە بەوەی دوو کەسی ناردووەتە سەر بازرگانێک و برینداریان کردووە؛ ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، ئەو دوو کەسەیان دەستگیر کردوون و دانیان بە "تاوانەکەیاندا ناوە". ئەو سەرمایەدارەی داوای سەرانەی لێکراوە و کوێخا دێرینی پێ تۆمەتبار کراوە، هاونیشتمانییەکە ناوی ئەحمەد کامیل فەقێیە.