هەورەبرووسکە لە "رەبایەیەکی" پێشمەرگە دەدات و چوار پێشمەرگە دەبرێنە نەخۆشخانە

وێنەیەکی ئەرشیڤیی لێدانی هەورەبرووسکە لە شاخێک
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری شێروان مەزن هەورەبرووسکە لە رەبایەکی پێشمەرگەی دا، لەئەنجامدا چوار پێشمەرگە رەوشی تەندروستییان تێکچوو و بەرەو نەخۆشخانە دەگوازرێنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە)  لەگەڵهاتنی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین، هەورەبرووسکە لە رەبایەکی پێشمەرگەی داوە لە سنووری شێروان مەزن لە هەولێر، بەهۆیەوە چوار پێشمەرگە کە لە ئەرکدا بوون، رەوشی تەندروستییان تێکچووە، تووشی هێڵنجهاتن و رشانەوە بوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
رووداو زانیویەتی، دۆخی تەندروستیی پێشمەرگەکان باشە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە کاریگەریی هەورەبرووسکەکە تووشی رشانەوە بوون، گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، شەوی چوارشەممە 14-02-2024 بە رووداوی راگەیاندبوو "چەند هەورێکی چڕی پڕ لە باران دروستبوون، بەرەو ناوچەکانی موسڵ، کەرکووک، دهۆک و هەولێر دێن."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی هەروەها گوتی لە کاژێرەکانی داهاتوودا شەپۆلەکە دەگاتە سەر ئاسمانی شاری هەولێر و بارانێکی زۆر دەبارێت. لە هەندێک شوێندا ئەگەری لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە.
 
بارانی بەخوڕ لە چەند شوێنێک لە درەنگانی شەو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، ١٥-٢-٢٠٢٤) بووەتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو بەتایبەتی لە چەند شوێنێکی قەزای خەبات و ناحیەی رزگاری لە سنووری هەولێر.

 

لە فەیسبووکی رووداوەوە زانیاری و ڤیدیۆی زیاتر لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلەی بارانبارین ببینە: 

 

 

 

ئۆتۆمبێلێک بە سەرنشینەوە کەوتە نێو رووباری وەرتێ
 
دوو ئۆتۆمبێل ئەمشەو لەنزیک یەکدی تووشی رووداو بوون بەهۆی بارانی بەخوڕەوە؛ یەکێکیان لەسەر پرد بەربووەتەوە نێو رووباری وەرتێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەی دیکەش خۆی بە ستوونی کارەبادا کێشاوە.
 
شادوومان وەرتی هاونیشتمانییەکی سنوورەکەیە ڤیدیۆکانی بۆ رووداو ناردووە و گوتی "سەرنشینەکانیان سەلامەتن."
 

  

 

لە ناحیەی رزگاری هێزەکانی فریاکەوتن هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەنەوە لەو شوێنانە دەربچن کە مەترسیی لافاویان لەسەرە
 
هاونیشتمانییەک بەناوی محەممەد عوسمان ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێ "هەتاوەکو ئێستا بارانی بەلێزمە بەردەوامە و هێزەکانی پۆلیس بەردەوام هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەنەوە کە هۆشیار بن و لەو شوێنانە دەرچن کە مەترسیی لافاویان لێ دەکرێت."
 

 

 

بارانی بەخوڕ و چەندین هەورەبرووسکەی لەدوای یەک لە قەزای خەبات
 
هاونیشتمانییەک بەناوی یوسف یارسانی ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە و دەڵێ "بەهۆی هەورەبرووسکە لە تەواوی قەزای خەبات بۆ ماوەیەک کارەبای نیشتمانی پچرا، بەڵام دواتر ئاسایی بووەتەوە."

 

 

لە گوندی باستام سەر بە قەزای خەبات بەهۆی بارانی بەخوڕ لافاو دروست بووە
 
هاونیشتمانییەک بەناوی موکەرەم هەرکی ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە و دەلی 'لافاوەکە زیانی بە کشتوکاڵ و هەندێک شوینی بەخێوکردنی ئاژەڵ گەیاندووە."