رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، هەوری پڕ لە باران و تەزرە بەڕێوەن و لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەگەنە سەر ئاسمانی شاری هەولێر و بارانێکی زۆر دەبارێت. لە هەندێک شوێندا ئەگەری لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، شەوی چوارشەممە 14-02-2024 بە رووداوی راگەیاند "چەند هەورێکی چڕی پڕ لە باران دروستبوون، بەرەو ناوچەکانی موسڵ، کەرکووک، دهۆک و هەولێر دێن."
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی "ئەو هەورانە بارانی زۆریان هەڵگرتووە، لە چەند کاژێری داهاتوودا و تاوەکو بەرەبەیان، دەگەنە ئاسمانی هەولێر، بارانێکی زۆر دەبارێت، ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە."
سەبارەت بە بڕی ئەو بارانەی بەهۆی ئەو هەورانەوە دەبارێت، ئاراس جەبار گوتی "بڕی بارانبارینەکە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە تەنانەت لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام دەتوانین بڵێین لە هەندێک شوێندا تاوەکو 100 مللیمەتر دەبارێت."
سەرەڕای هۆشدارییەکانی کەشناسان و دەزگای کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەڵام پارێزگای هەولێر بڕیاری دا سبەی نەکرێتە پشوو.
پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو شەپۆلە بارانبارینە کردووە، کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام لە هەولێر کاری زۆریان بۆ رێگری لە لافاو و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کردووە، بۆیە بە پێویست زانرا، سبەی نەکرێتە پشوو.
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەدا هەر ئەو هەورانە دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە دەگەنە سنووری گەرمیان و لەوێش بارانێکی باش دەبارێت، گوتیشی: "بارانبارینەکە با و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت و لە هەندێک شوێندا تەرزەش دەبارێت."
شەوی چوارشەممە ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند "بەپێی پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سبەی (پێنجشەممە) لە دەمەو بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە، شەپۆلێکی تووندی بارانبارین کە لەسەرووی ئاستی ئاساییەوەیە، روو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەکات، ئیدارەی گەرمیان بڕیاریدا سبەین لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بەناوەندەکانی خوێندنەوە، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پشوو بێت.
ئەم شەپۆلی بارانبارینە کە ئەمڕۆ دەستیپێکردووە، بە گوتەی ئەو کەشناسە بەیانیی رۆژی هەینی کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت، لە ئێوارەی هەمان رۆژدا شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین دەستپێدەکاتەوە، بەڵام وەکو ئەم شەپۆلە بەهێز نابێت.
ئاراس جەبار گوتیشی "بارانبارین بە شێوەی پچڕپچڕ و تاوەباران تاوەکو 22ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ